بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانێ لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆ شییەتد پرێس-ی ئەمریکی باسی لەوە کردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باوەڕی وایە تائێستاش مەترسییەکانی داعش زۆرن، بەتایبەت کە ناوچەکانی باکووری سووریا بە شانە نووستووەکانی نزیک لەو رێکخراوە دەورە دراون، بۆیە ئەگەر رووبەڕوویان نەبنەوە دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان رێکاری پێویست و بەپەلەیان گرتووەتەبەر بۆ رێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپی چەکدارانی داعش لەوانەش چۆڵ کردنی ئەو زیندانانەی مەترسی ئەوەیان لەسەر بووە داعش هێرشیان بکاتەسەر لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپراسیۆنی کێوماڵ كردنی پێگەکانی رێکخراوەکە.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت، لە ئۆپراسیۆنی کوشتنی ئیبراهیم قورەیشی سەرکردەی داعش لەهەفتەی رابردوودا، هێزەکانیان هاوکار و کارئاسانییان بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە ئیدلب کردووە، هەروەها خزمەتگوزاری لۆجیستی و رێڕەوی ئاسایشیان بۆ ئۆپراسیۆنەکە دابین کردبوو.
لەبارەی هێرشەکەی مانگی رابردووی حەسەکەش وتی، هەسەدە بەرپرسیارێتیی بەشێک لە هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکە لە ئەستۆ دەگرێت، بەتایبەت کە لەو هێرشەدا 121 ئەندامی هێزەکانیان شەهیدبون، ئەوەش خوێناویترین هێرشی داعش بوە لەو کاتەوەی زۆرینەی ناوچەکانی لەدەستداوە، ئەوەش مانای وایە "ئێمە ئەرکی خۆمان وەک پێویست جێبەجێ نەکردووە".
مەزڵوم کۆبانێ داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بەخێرایی چارەنووسی هەزاران زیندانیکراوی داعش یەکلایی بکەنەوە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکەن، چوونکە بوونی هەزاران زیندانی داعش مەترسییەکی گەورەن لەسەر ئاسایشی ناوچەکانیان و داعش بەبەردەوامی پلانی هێرشکردنەسەر ئەو کەمپانەی هەیە.
Your Comment