بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ دووشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی وتوویەتی: "ھەرچەندە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان یەکێتی و پارتی یەکلایی ببێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە یەکڕیزیی گەلی کوردە، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەغدا، لەناو خۆیاندا یەکڕیز بن، بۆ ئەوەی ھەموویان پێکەوە کار بۆ مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان بکەن."
بە بڕوای فەرەیدون عەبدولقادر: "هەڵەیە بەبێ پشتیوانیی جەنابی مەسعوود بارزانی، ھەنگاو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بنێن، چوونکە بێ شک یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار، پێویستی بە بڕیاری ئەو هەیە."
لەوەڵامی ئەوەی کە: بەرھەم ساڵح تا چەند توانیویەتی لە بەغدا لە بەرژەوەندیی گەلی کورد کار بکات. فەرەیدون عەبدولقادر وتوویەتی: "کێ توانیویەتی لە عێراقدا خزمەتی گەلی کورد بکات؟ عێراق ناشرینترین وڵاتی گەندەڵییە، بۆیە کێ توانیویەتی خزمەتی کوردستان بکات، تا بەرھەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق بتوانێت خزمەتی گەلی کورد بکات؟".
Your Comment