بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە 24.1.2022 نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "ئێران لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە پەیامی خۆی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوە و پێیگوتوون، ئاساییە ئەگەر بە دوو بەربژێر بچنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقەوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق با ئازادبن لەوەی کە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن".
شایانی باسە ماوەیێکە لێدوانەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەدژی یەکتر زیاتر بووەتەوە و دوێنێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزان، بۆیە داکۆکی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات، هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی "بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، کە هەڤاڵ دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە."
لە وەڵامد مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، راگەیەنراوەکەی دوێنێی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی و پرسی سەرۆک کۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بووە، چونکە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پارتی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی گەڵاڵە کردنی هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکخستنی ناوماڵی کوردی و دروست کردنی شاندێکی هاوبەش بۆ بەغدا و لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان، سەردانی هەموو لایەنە کوردستانییەکانی کرد".
Your Comment