پارتى ناتوانێت لە حکوومەتەى داهاتووی عێراقدا بودجە بۆ هەرێم بەدەستبهێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامى پێشووی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، پارتى و یەکێتى هیچ وەرەقەیەکیان لەبارەى ماف و شایستەکانى خەڵکى کوردستان نەبووە تا بیخەنە بەردەم لایەنە سیاسیەکانى عێراق، بەڵکوو تەنیا داواکاری و شەڕی پۆستیان کردووە.

کوردپرێس: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس غالب محەمەد ئەندامی پێشووی عێراق رایگەیاند: "پارتى و یەکێتى لەچەندین ساڵى رابردوودا تەنیا بۆ پۆست و کار و کۆمپانیاکانیان دەچنە بەغدا نەک بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى خەڵکى کوردستان، هەموو ئەو دروشمانەى دەیڵێن لەکاتى هەڵبژاردنەکان هەمووی درۆیە و هیچ راستییەکی تیا نییە".

باس لەوەش دەکات، پارتى تەنیا بۆ پۆست چووەتە بەغدا و لایەنەکانى دیکەش دەیەوێت دوای خۆی بخات و هەموو جارێکیش ئەمەیان بۆ چووەتە سەر، چوونکە لایەنەکانى دیکە لاوازن و ئەوانیش هەر بۆ پۆست دەچن.

ئەو پەلەمانتارەى پێشووی عێراق رەخنە لە ئۆپۆزسیۆنى پەرلەمانى عێراق دەگرێت کە دەنگیان بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان داوە و پێیوایە کە نەدەبوو دەنگ بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بدەن، چوونکە لەگەڵ پۆستەکانى حکوومەت یەک پاکێجە، دەشڵێت: ئۆپۆزسیۆن کە دەنگى بە سەرۆکایەتى پەرلەمان داوە پارەیان وەرگرتووە، ئەگەرنا ئۆپۆزسیۆن چۆن دەنگ بە سەرۆکایەتى پەرلەمان دەدات".

غالب محەمەد دەشڵێت "پارتى بووەتە تەڕەف و لایەنگری لایەنێکى شیعەی گرتووە، ئەوەش بێ پلانیی پارتییە و ناو ماڵی کوردیشى پەرت کرد، بۆیە ئەو پۆستەى ئێستا دڵی پێخۆش کردووە هیچ گرنگییەکى نییە، چوونکە جێگری یەکەم ناهیلێت سەرۆکى پەرلەمانیش جووڵە بکات نەک جێگری دووەم".

هەروەها غالب ئەوەش دەخاتەڕوو، ماوەیەکى دیکە پارتى پەیوەندیەکانى لەگەڵ حکوومەت تێکدەچێت، بزانین ئەوکاتە پرسى بودجە و پارەى هەرێم چۆن وەردەگرێت، بەدڵنیاییەوە ئەوکات کەس نییە خەتای نەناردنى بودجە بخاتە ئەستۆی، چوونکە تەنیا خۆى لە حکوومەتدا دەبێت.

News Code 4698

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha