هەسەدە ساڵی ڕابردوو 115 ئۆپەراسیۆنی لەدژی داعش ئەنجام داوە

بەشی سووریا- هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ١١٥ ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامداوە و ٨٠٢ گومانلێکراو دەستگیر کراون .

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری ساڵی ٢٠٢١ی کار و چالاکییەکانی هێزەکانیانی بڵاو کردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵی ڕابردوو هێزەکانی قەسەدە ١١٥ ئۆپەراسیۆنیان دژی شانە نووستووەکانی داعش ئەنجام داوە و ٩٣ شانەی ئاشکرا کردووە و ٨٠٢ گومانلێکراو دەستگیر کراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ساڵی ڕابردوو ١٦ پیلانی داعشیان بۆ ئەنجامدانی هێرش پووچەڵ کردووەتەوە، کە یەکێکیان پیلانی هێرشکردنە سەر زیندانی حەسەکە بووە، هەروەها ٤٧ کردەوەی تیرۆریستییش لە کۆتا خولەکەکانی ئەنجامدانی کردەوەکاندا پووچەڵ کراونەتەوە و بەکۆی گشتیش هەشت ئەندامی داعش کوژراون و ٨٧ کەرەستەی تەقەمەنیش پووچەڵ کراونەتەوە.

قەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرکردە و چەتەکانی داعش هەوڵیان داوە سوود لەو دۆخە وەربگرن، کە سوپای تورکیا و چەتەکانی هێرشیان دەکردە سەر ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەیانویست ئەو دۆخە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانیان".

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەکەییدا تورکیا بە زیندو کردنەوەی داعش تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: تورکیا دەیەوێت سەرلەنوێ داعش سەرپێ بخاتەوە.

News Code 4598

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha