بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکا دەڵێت: هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە فاکتەرێکی سەقامگیر بێت لە ناوچەکە، هەروەها دەستی دۆستایەتی بۆ وڵاتانی دەوروبەر و گەلانی دەوروبەریش درێژ بکات بەهەمان شێوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە ئەو دۆستایەتییە دوولایەنە بێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەری یەکتر بێت.
سەفین دزەیی دەڵێت، "ئەو دەستدرێژیانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان کراوە چ بە مووشەک و چ بە درۆن جێی نیگەرانی هەموولایەکمانە و پێویستە جێی نیگەرانی هەموو لایەک بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو لیژنە هاوبەشانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغداد پێکهاتووە بۆ بەدواداچوون و بە مەلموسی دیاری کردنی لایەنەکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە، هەرچەندە لەڕووی شوێن یاخود ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەست بووە سەبارەت بە کەسانێک کە لەپشتەوە بوون، ئەو زانیاریانە هەیە، بەڵام پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە".
دزەیی زیاتر وتی سنووردانان بۆ ئەو هێزانە بەپلەی یەکەم حکوومەتی فیدڕاڵی لێی بەرپرسە چوونکە هەرێم بەشێکە لە عێراق و ئەو ملیشیانەش ئەوانەی کە ناویان دێت لەناو خاکی عێراقن و بەشێکیشیان لەسەر بودجەی دەوڵەتی عێراق پارەدار دەکرێن بۆیە حکوومەتی فیدڕاڵی بەرپرسی یەکەمە بۆئەوەی کە ڕێگە نەدات ئەو دەستدرێژیانە لەسەر هەرێمی کوردستان بکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment