بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆبێرت پالادینۆ، کۆنسوڵى گشتیى تازەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و رۆب وۆڵەر، کۆنسوڵی گشتیى پێشووی ئەمریکا کۆ بووەوە.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەیى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەی نیشاندا بۆ هاوکارى و هەماهەنگی لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان و زیاتر پتەو کردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان، هاوکات "سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی کۆنسوڵی پێشوو کرد کە رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان".
سەفین دزەیی پوختەیێکی لەسەر سیاسەت و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزی هاوپەیمانان لە هەولێر خستەڕوو.
دزەیی گوتیشی: "بوونى نوێنەرایەتیى دیپلۆماسیى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان بایەخ و گرینگیی خۆی هەیە و هیواخوازین پاڵپشتییەکان وەکوو هەمیشە بەردەوامبن، بەتایبەت بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەردەوام بوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە ئۆپەراسیۆنەکانیان".
لە بەرامبەردا و بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رۆبەرت پالادینۆ، کۆنسوڵی گشتیی تازەی ئەمریکا گوتی: "ئێمە زۆر بە بایەخەوە دەڕوانینە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان و هەرێمى کوردستان هاوپەیمانى ستراتیژى ئێمەیە لە ناوچەکە".
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا گوتووشیەتی کاتى وەرگرتنى ئەم پۆستە زۆر گرینگ بوو بۆ من بۆ بەهێزتر کردنى پەیوەندییەکان و هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکان و دامەزراوەکانی حکوومەت، ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەی هەرێمى کوردستان دڵنیا بکەینەوە کەوا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بۆ بەهێزکردنى هەرێمى کوردستان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment