هەماهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هاوکار بووە لە دەستگیرکردنى چەند سەرکردەى داعش

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى هەماهەنگى هەواڵگرى دەزگاکە و هەرێمى کوردستان بۆ دەستگیرکردنى سەرکردەکانى داعش، بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگاکە دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "هەماهەنگى هەواڵگرى دەزگاکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان هاوکار بووە لە تێکدانى چەندین شانەى ڕێکخراوى داعش و دەستگیر کردنى سەرکردەکانیان".

سەباح نەعمان، وتەبێژى دەزگاکە لە لێدوانێکى بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند "شەڕ دژى تیرۆر، شەڕى هەواڵگریى و زانیارییە".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، دژە تیرۆرى عێراق دەزگایێکى ئەمنى و هەواڵگرییە، فەرماندەیى دەزگاکەش هەموو کارئاسانییەکى فەراهەم کردووە بۆ سەرکەوتنى ئەو ئەرکە هەواڵگرییە لەڕێگەى گەشەدان و پەرەپێدانى تواناى مرۆیى و تەکنیکى و ئاڵوگۆڕى زانیارى لەگەڵ دەزگاکانى دیکە.

بەوتەى نەعمان "لەو ڕێگەیەوە توانراوە ژمارەیێک لە سەرکردە تیرۆریستییەکان لەناوببرێن و چەندین شانەى نووستووشیان هەڵوەشێنرێنەوە".

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە هەماهەنگى کردنیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان هاوکار بووە لە دەستگیر کردنى چەند سەرکردەیێکى داعش بەتایبەت لەو ناوچە سنوورییانەى کە هەرێم و ناوەند لێک جیا دەکاتەوە.

سەرچاوە: ناس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2657

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha