نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیمەشق، ئاماژەی دا بە پێشکەوتنی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا و ڕایگەیاند دوو لایەن ئیرادەیەکی جیدییان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان هەیە. ئەو هەروەها وتی پێشنیازی تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک هێزێکی تایبەتی دژەتیرۆر لە ژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆی سووریا، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریایە.
«عەبدولکەریم عومەر» نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لە ئەنجوومەنی ئەورووپا، بە جەختکردنەوە لەسەر کاریگەریی پێشهاتە دیپلۆماسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەستکەوتەکانی کورد، ڕایگەیاند کە ئەو دانوستانە دیپلۆماسییانەی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێن، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دەستکەوتەکانی کورد هەیە و هەروەها هەوڵگەلێک دراون بۆ قوربانیکردنی کورد لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا.