کوردپرێس: میدیاکانی ئەڵمانیا هەواڵێکیان سەبارەت بە بوونی هێزی سەربازی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتى بەرگری بڕیاری گۆڕانکاری لە شوێنی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە وڵاتانی جیهان کردوە و یەکێک لەو وڵاتانەش عێراق و هەرێمی کوردستانە.
بەپێی بڕیارەکە ئەڵمانیا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هێزەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکشێنێتەوە کە ژمارەیان ٣٠ سەربازە و لە سەربازگەیەکی هەولێر نیشتەجێن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتى بەرگری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بڕیاریداوە بە کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکان و سیستەمی بەرگری پاتریۆت لە عێراق و ناوچەکە.
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش هێزی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد کە وەک ڕاوێژکارو راهێنەر بە هێزەکانی پێشمەرگە ئەرکیان دەبینی، هاوکات یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە لیژنەی چاودێری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دایە.
Your Comment