یاسای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە؛ قۆناغی تەماویی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا

سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە داڕشتنی یاسایەکی تایبەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ناکۆکی لەسەر کاتی جێبەجێکردنی، ڕادەی لێبووردنەکە و چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرۆسەی ئاشتیی نێوان حکوومەتی تورکیا و بزووتنەوەی کوردی گەیاندووەتە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە لێڵی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر داڕشتنی یاسایەک بۆ خێراکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئێستا گرنگترین پرسیار نەک خودی پەسندکردنی یاساکە، بەڵکوو کاتی جێبەجێکردن و ناوەڕۆکەکەیەتی. ئەگەرچی حکوومەتی تورکیا بۆ یەکەم جار بوونی پلانێکی لەو شێوەیەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هێشتا سەبارەت بە ڕادەی لێبووردنەکە، چارەنووسی فەرماندە باڵاکان، پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەنانەت کاتی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاساکە بە پەرلەمان بێدەنگیی هەڵبژاردووە؛ بێدەنگییەک کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گێڕانەوەی دژبەیەک لە میدیاکانی نزیک لە حکوومەت و ناوەندە سیاسییەکاندا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی (نەشناڵ کانتێکست)، ئەوەی تا ئێستا لە هەڵوێستە فەرمییەکانی ئەنقەرەوە ڕوون بووەتەوە، سنووردارە بەڵام تا ڕادەیەک جێگیرە. حکوومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە کە ئەم یاسایە تەنیا بۆ دۆسیەی پەکەکە دادەڕێژرێت، ماوەی جێبەجێکردنی سنووردار دەبێت و تەنیا دوای بەدیهاتنی چەکداماڵین دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ئەنقەرە هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەیە نەک وەک "ڕێککەوتنی ئاشتی"، بەڵکو وەک "هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە پێکهاتە چەکدارییە نایاسایییەکان" بناسێنێت، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هەر لێکدانەوەیەک کە نیشانی بدات دانوستانی یەکسان لەگەڵ پەکەکە کراوە یان لێبووردنی گشتی بەخشراوە.

گێڕانەوە دژبەیەکەکان لەسەر ناوەڕۆکی یاساکە

ناڕوونیی سەرەکی بۆ وردەکارییەکانی یاساکە دەگەڕێتەوە. میدیا جیاوازەکان گێڕانەوەی تەواو جیاوازیان پێشکەش کردووە.

ڕۆژنامەی «ئایدنلیک» بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پڕۆژەیاساکە لە حەوت تا دوازدە ماددە پێکدێت و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس دەگرێتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەندامانی پەکەکە بەپێی پێگەی ڕێکخراوەیی، جۆری تۆمەت و ڕادەی بەشداربوونیان لە چالاکییە چەکدارییەکاندا پۆلێن دەکرێن. هێزەکانی ڕیزەکانی خوارەوە و بەشێک لە چەکدارەکان لەوانەیە سزاکانیان کەم بکرێتەوە یان بە مەرج ئازاد بکرێن، بەڵام فەرماندە باڵاکانی «کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە» یان بۆ ماوەیەک لە گرتووخانەی ئیمڕاڵی ڕادەگیرێن یان لەژێر چاودێریدا ڕەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵیی «نەفەس» وێنەیەکی زۆر سنووردارتری خستووەتە ڕوو. ئەم میدیایە دەنووسێت یاساکە ئەگەر زۆر بێت لە دە ماددە کەمتر دەبێت، تەنیا ئەو ئەندامانە دەگرێتەوە کە دەستیان لە تاوانی جۆراوجۆردا نەبووە، چاودێریی دادوەری و چەند ساڵێک قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسییان بۆ دیاری دەکرێت و نە فەرماندە باڵاکان و نە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نایانگرێتەوە.

ئەم جیاوازییانە تەنانەت لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی پێشووی خودی ئەم بڵاوکراوەیەشدا یەکناگرنەوە. ئەم نشریەیە پێشتر نووسیبووی کە ڕەشنووسی سەرەتایی دەکرێت زەمینە بۆ بەشداریکردنی ئۆجەلان لە دانوستانەکاندا بڕەخسێنێت، بەڵام ئێستا جەخت دەکاتەوە کە ئەو وەک زیندانییەکی سزادراو دەمێنێتەوە. ئەم دژایەتییانە نیشانی دەدەن کە هێشتا لە نێوان پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، دامەزراوە ئەمنییەکان و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەسەر شێوازی کۆتایی یاساکە ڕێککەوتن و کۆدەنگی نییە.

بنبەستی سەرەکی؛ کێ دەبێت هەنگاوی یەکەم بنێت؟

بۆچوونی نووسەر وایە کە ناکۆکیی سەرەکی لەسەر ڕێزبەندیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکاندایە؛ بابەتێک کە ڕەگەکەی بۆ بێمتمانەییی قووڵی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە.

حکوومەتی تورکیا دەیەوێت سەرەتا لە گەڕانەوەنەبوونی پرۆسەی چەکداماڵین دڵنیا بێت و پاشان یاساکە پەسند بکات. لە بەرامبەردا، پەکەکە پێی وایە ئەگەر پێش پەسندکردنی یاساکە چەکەکانی ڕادەست بکات، تەنیا ئامرازی گوشاری خۆی لەدەست دەدات، بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکوومەت هەبێت.

ئەم ناکۆکییە ڕەهەندێکی کرداریشی هەیە؛ هێزەکانی پەکەکە ناتوانن بێ بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی لە شاخەکان دابەزن و بێنە ناو تورکیاوە، چونکە هێشتا لەژێر مەترسیی دەستبەسەرکردندا دەبن. بۆیە هەر لایەنێک لەوی دیکە داوا دەکات یەکەم هەنگاوی گەڕانەوەنەبوو بنێت.

ناکۆکی لەسەر ڕادەی پێشکەوتنی پرۆسەکە

بەرپرسانی تورکیا پێیان وایە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە.

 عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاندووە کە ڕادەی چەکە ڕادەستکراوەکان بەس نییە و ڕۆژنامەی «تورکیا»ش لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە نووسیویەتی کە حکوومەت تەنیا نیشانەکانی جووڵەی هێزەکانی بینیوە، بەڵام هێشتا هیچ چەکداماڵینێک کە توانای پشتڕاستکردنەوەی هەبێت، ڕووی نەداوە.

لە بەرامبەردا، پەکەکە و کەسانی نزیک لێی هۆکار دەهێننەوە کە گرنگترین هەنگاوەکانیان ئەنجام داوە؛ لەوانەش چوونەدەرەوە لە خاکی تورکیا، هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئێستا نۆرەی حکوومەتە کە ئەو چوارچێوە یاسایییەی بەڵێنی دابوو، پێشکەشی بکات.

لەودیو لێبووردنەوە؛ داواکارییەکانی بزووتنەوەی کوردی

ناکۆکییەکە تەنیا لەسەر ئازادکردنی ئەندامانی پەکەکە نییە.

ئەو ڕەوتانەی لە پەکەکەوە نزیکن، داوای کۆمەڵە چاکسازییەکی زۆر بەرفراوانتر دەکەن؛ لەوانەش گەڕانەوەی تاراوگەنشینەکان، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، گەڕاندنەوەی سەرۆک شارەوانییە لادراوەکان، هەڵوەشاندنەوەی سیستمی جەردەوانی (پاسەوانانی گوند)، گەرەنتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە زمانی کوردی و یەکلاکردنەوەی دۆخی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

لەو نێوەندەدا، ئازادکردن یان گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان هێشتا وەک گرنگترین داواکاریی بزووتنەوەی کوردی ئەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا حکوومەت تا ئێستا لە قبووڵکردنی داواکارییەکی لەو شێوەیە خۆی بەدوور گرتووە.

جەنگی ئێران و ئیسرائیل؛ هۆکاری شاراوەی خاوبوونەوەی پرۆسەکە

(نەشناڵ کانتێکست) پێی وایە هۆکاری سەرەکیی خاوبوونەوەی پرۆسەی ئاشتی، تەنیا ناکۆکیی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە ناوچەیییەکانیش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە.

بەپێی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، جەنگی ئیسرائیل دژی ئێران بووە هۆی ئەوەی پرۆسەی یاسادانان لە تورکیا بە تەواوی ڕابوەستێت. لە کاتی ئەم قەیرانەدا، ئیسرائیل هەوڵی دەدا توانای گرووپە کوردییەکان دژ بە ئێران بەکاربهێنێت، بەڵام پەکەکە لە چوونە ناو ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە خۆی بەدوور گرت، کە ئەمەش لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە نیشانەیەکی ئەرێنی بوو و دەریخست کە ئەم گرووپە نایەوێت هاوکات لەگەڵ پرۆسەی چەکداماڵیندا، لە بەرەیەکی هاوتەریب لەگەڵ ئیسرائیل دژ بە ئێران چالاکی بکات.

تەنانەت بەم شێوەیەش، کۆتاییهاتنی ڕێژەییی جەنگ و کەمبوونەوەی مەترسییە دەستبەجێکان لەسەر تورکیا، پاڵنەری حکوومەتی بۆ خێراکردنی پرۆسەی ڕێککەوتنەکە کەم کردووەتەوە. نووسەر پێی وایە هەرچەندە ئەنقەرە هەست بە ئاسایشی زیاتر بکات، گوشاری کەمتری لەسەر دەبێت بۆ کۆتاییهێنانی خێرای ڕێککەوتنەکە.

گرێی سووریاش هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە

بە بڕوای نووسەر، پرۆسەی تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی سووریا جیا نییە.

حکوومەتی تورکیا، چەکداماڵینی پەکەکە بە تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو پێکهاتەی حکوومەتی سووریادا دەبەستێتەوە. لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەم پرۆسەیە لە ماوەی مانگێکدا تەواو بکرێت، ئێستا جێبەجێکردنی بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دواخراوە.

بۆیە، خاوبوونەوەی پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزە کوردییەکان لە سووریا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی دانوستانەکانی تورکیاش داناوە و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی تا مانگی تەممووز کەم کردووەتەوە.

ئاسۆ (چاوەڕوانییەکان)

(نەشناڵ کانتێکست) لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری پەسندکردنی جۆرە یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە لە هاویندا هێشتا بوونی هەیە، بەڵام ئەم یاسایە پێدەچێت سنووردار، کاتی و مەرجدار بێت بە چەکداماڵین و لە لێبووردنی گشتی یان چاکسازیی بەرفراوان لە پرسی کورددا دوور دەبێت.

لە هەمان کاتدا، نووسەر بە دووری نازانێت کە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لە داهاتوودا تووشی گۆڕانکاری بێت. پێشنیارەکەی دەولەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، سەبارەت بە ڕۆڵگێڕانی ئۆجەلان لە هەماهەنگیی پرۆسەی ئاشتیدا، دەکرێت ببێتە زەمینەساز بۆ گواستنەوەی ئەو لە گرتووخانەی ئیمڕاڵییەوە بۆ جۆرێک لە مانەوەی زۆرەملێ لە ماڵەوە یان چاودێریی سنووردار؛ ئەگەرچی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیەش، بە سەرنجدان بە ئاڵۆزیی دانوستانەکان لە تورکیا، عێراق و سووریا، پێدەچێت زۆر خاوتر لە چاوەڕوانییەکانی هەردوولا بەڕێوە بچێت.

News ID 227428

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha