بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتی کارکردن بۆ ڕێکخستنی حەوشە و دەوروبەر لە گەڕەکی هێشترەک سەر بە شارۆچکەی مێژوویی میدیات لە پارێزگای مێردین، پاشماوەی شوێنەواریی بەنرخ لە ژێر خاک هاتنە دەرەوە کە بە گوتەی توێژەران، سەر بە کەنیسەیەکی کۆنی سریانین.
دامەزراوەی تۆرعەبدین بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی ئەم دامەزراوەیە و پسپۆڕانی بەڕێوەبەرایەتیی مۆزەخانە نیشانی داوە شوێنی دۆزینەوەی شوێنەوارەکان، پاشماوەی کەنیسەی «مۆری ئادای»یە؛ کەنیسەیەک کە سەر بە سەدەی چوارەمی زایینییە و یەکێک لە گرنگترین سەنتەرە ئایینییەکانی مەسیحییە سریانییەکان بووە لە ناوچەکەدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەتیبە دۆزراوەکان بە ڕێنووسی کلاسیکی سریانیی «ئێسترانجێلۆ» نووسراون و لە ڕاستیدا کێلی بەردینی سەر گۆڕی پیاوانی ئایینی و خزمەتکارانی کەنیسەکەن.

دۆزینەوەی ٨ کەتیبەی مێژوویی
«ئادەم جۆشکون» سەرۆکی دامەزراوەی تۆرعەبدین و یەکێک لە پسپۆڕانی زمان و مێژووی سریانی، دوای پشکنینی مەیدانیی شوێنەکە ڕایگەیاند کە دۆزینەوە نوێیەکان، زانیارییەکانی پێشووی ناو ئەرشیفە مێژووییەکان پشتڕاست دەکەنەوە، لەوانە بەڵگەنامەکانی «گێرترود بێڵ»، سەرچاوە مێژووییە سریانییەکان و گێڕانەوەی دانیشتووانی خۆجێی.
بە گوتەی ئەو، لە شوێنی کۆڵینەوەکەدا تا ئێستا ۱۱ پارچە بەردی گەورە ناسراونەتەوە کە ٦ دانەیان کەتیبەیان پێوەیە. هەروەها دوو کەتیبەی تریش لە دیواری باخێکدا لە هەمان ناوچە دۆزراونەتەوە.

پشکنینە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە ئەم کەتیبەانە سەر بە ماوەی نێوان سەدەکانی هەشتەم تا چواردەیەمی زایینین و زانیاری دەربارەی نێژرانی قەشەکان، مامۆستایان، خزمەتکاران و بەرپرسانی کەنیسەکە پێشکەش دەکەن.
کۆنترین کەتیبە سەر بە ساڵی ٧٧٢ی زایینییە
دامەزراوەی تۆرعەبدین ڕایگەیاند کە کۆنترین مێژووی ناسراوە لەسەر ئەم کێلەبەردانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۷۷۲ی زایینی.
لە یەکێک لەم کەتیبەانەدا ڕستەیەکی مێژوویی تۆمار کراوە کە باسی «بنیاتنانەوە و زیندووکردنەوەی کەنیسەکە بە هاوکاریی قەشەکان» دەکات.
لە دەقی نووسینەکاندا ناوی پیاوانی ئایینی وەک «شەمۆئێل»، «یوحەننا»، «دانیال» و «سەلیبا» دەبینرێت. هەروەها ڕوون بووەتەوە کە هەندێک لەم کێلەبەردانە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی «موشێ» نووسراون.
دۆزینەوەی بەشێک لە میراتی فەرامۆشکراوی تۆرعەبدین
لە بەیاننامەکەی دامەزراوەی تۆرعەبدیندا هاتووە کە بۆ دەستپێکردنی کۆڵینەوەی بەرفراوانتر و لێکۆڵینەوەی مەیدانیی گشتگیر، چاوەڕێی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیان.
توێژەران هۆکاری ئەوەشیان خستە ڕوو کە گوندی مێژوویی ئێشترەکۆ (Eştrako - ܐܫܬܪܟܐ) لە ڕابردوودا میوانداریی چەندین کەنیسەی کردووە، لەوانە: مۆر ئادای، مۆر دیمەت، مۆر سۆبۆ و کەنیسەی مریەمی پاکیزە، و گۆڕستانێکی گەورەی سریانیشی لێ بووە. بە گوتەی تیمی توێژینەوەکە، بەشێک لەم گۆڕستانە و پاشماوەی هەندێک لە کەنیسە مێژووییەکانی ناوچەکەش تا ئێستا ناسراونەتەوە.
ئەم دۆزینەوە نوێیە یەکێکە لە گرنگترین دۆزینەوەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ناوچەی مێژوویی تۆرعەبدیندا؛ ناوچەیەک کە بۆ چەندین سەدە یەکێک لە گرنگترین سەنتەرە کولتووری، ئایینی و زمانییەکانی مەسیحییە سریانییەکان بووە لە باکووری مێزۆپۆتامیا و کوردستاندا.

Your Comment