یەکێتیی نیشتمانی جەخت لە شەراکەتی ڕاستەقینە لە کابینەی دەیەمدا دەکاتەوە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند کە یەکێتی هەرگیز شەڕی لەسەر پلە و پۆست نەکردووە، بەڵکوو مکووڕە لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی سازان و شەراکەتی ڕاستەقینە لە کابینەی دەیەمدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان گەزنەیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبه‌کەی، نیگەرانیی قووڵی لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم دەربڕی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی دەیەوێت کابینەی نوێ کابینەیەکی خزمەتگوزار بێت، جیاوازی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا نەکات و بە یەک چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتیان بکات.

وتەبێژی یەکێتی ڕوونی کردەوە کە حزبەکەی خوازیاری هاوبەشیی ستراتیژییە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، ئێران، تورکیا، وڵاتانی کەنداو، ئەورووپا، ئەمریکا و سەرجەم هێزە ناوخۆییەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، بەڵام سازش لەسەر بەڵێنەکانی هەڵبژاردن ناکەن و جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی ٥٠ بە ٥٠ دەکەنەوە. یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم دوو بەڵێنی بنەڕەتیی داوە کە بریتین لە دروستکردنەوەی باڵانسی هێز و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی تەواوی هێزە سیاسییەکان و هاووڵاتیاندایە.

ناوبراو هاوکات ڕاشیگەیاند: ''لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ واژۆ دەکات.''

کاروان گەزنەیی ئۆباڵی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خستە ئەستۆی پارتی و جەختی کردەوە کە هەتاوەکو باڵی خۆسەپێنی ناو پارتی و ویستی حکوومەتی پۆلیسی بوونی هەبێت، حکوومەتی هەرێم پێکنایەت.

News ID 227394

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha