دژایەتیی واشنتۆن بۆ ئەگەری دیداری نێوان ماکرۆن و مەزڵوم کۆبانی

ئەلمۆنیتەر لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە کە حکوومەتی ئەمریکا پشتگیری لە ئەنجامدانی دیداری ئەگەریی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و مەزڵووم عەبدی ناکات پێش گەشتەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ دیمەشق؛ چونکە ئەم دیدارە دەکرێت ڕووبەڕووی پەرچەکرداری نەرێنیی ئەحمەد ئەلشەرع ببێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی (کۆبانی)، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە - SDF)، ڕۆژی چوارشەممە گەشتە ئەوروپییەکەی لە ئیتاڵیاوە دەست پێکرد؛ گەشتێک کە بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، هۆڵەندا و فەڕەنساش دەگرێتەوە و تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی بریتی دەبێت لە پرۆسەی تێکەڵبوونی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی کورد لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، شەڕی دژی داعش و بەدەستهێنانی پشتگیریی سیاسی و ئابووری بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری ئۆنڵاینی مۆنیتەر، پێدەچێت عەبدی لە پاریس لەگەڵ ژان-نوێل بارۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کۆببێتەوە، و هیواداریشە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنساش دیدار بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن حکوومەتی ئەمریکا لەگەڵ ئەنجامدانی دیدارێکی لەو شێوەیەدا نییە پێش گەشتە ئەگەرییەکەی ماکرۆن بۆ دیمەشق لە مانگی داهاتوودا.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، واشنتۆن نیگەرانە لەوەی دیداری نێوان ماکرۆن و عەبدی لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریاوە وەک دانانی فەرماندەی هەسەدە لە پێگەیەکی هاوشانی سەرۆک کۆماری سووریا تەماشا بکرێت؛ هەنگاوێک کە دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر پەیوەندییە لەرزۆکەکانی نێوان دیمەشق و کوردان.

سەرچاوەکانی نزیک لە هەسەدە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دیداری عەبدی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێدەچێت ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینی لە پاریس بەڕێوەبچێت. بارۆ و عەبدی پێشتریش لە مانگی شوباتی ڕابردوودا لە هەولێر کۆببوونەوە، و عەبدی لە هەمان مانگدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ ماکرۆندا گفتوگۆی کردبوو.

فەڕەنسا لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گرنگترین پشتگیریکارە سیاسییەکانی کوردانی سووریا. پاریس هاوکاتی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، هێزەکانی خۆشی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگیر کردبوو و ئیمانوێل ماکرۆن چەندین جار پشتگیریی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان دەربڕیوە. بەڵام سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دوای هاتنەسەرکاری ئەحمەد ئەلشەرع، هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریادا فراوانتر بکات و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا سەردانی دیمەشق بکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەبدی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپی باس لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی تێکەڵکردنی پێکهاتە ئەمنی و کارگێڕییەکانی کورد لەناو حکوومەتی سووریادا، داهاتووی هاوکارییەکانی دژە داعش و پێداویستییە ئابوورییەکانی ئەو ناوچانە دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.

ئەم گەشتە لە دۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە هەسەدە دوای شەڕ و پێکدادانە بەرفراوانەکانی مانگی کانوونی دووەم بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە، و هەروەها بە کۆتاییهاتنی فەرمیی ئامادەیی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی نیسان، یەکێک لە گرنگترین پاڵپشتە ئەمنییەکانی خۆی لەدەستداوە.

گەشتە ئەوروپییەکەی مەزڵووم عەبدی تەنها یەک ڕۆژ دوای دیداری ئەو لە هەولێر لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق ئەنجام درا. لەو کۆبوونەوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقیش ئامادە بوو. بەپێی نووسینی ئەم گۆڤارە، بارزانی و باراک ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە پێشخستنی ڕێککەوتنی ئاگربرست و هەروەها پێداچوونەوە بە چوارچێوەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دامەزراوە کوردییەکانی تر لەگەڵ حکوومەتی دیمەشقدا، و فەڕەنساش یەکێک بووە لە نێوەندگیرەکانی ئەم پرۆسەیە.

News ID 227369

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha