بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستان و ڕاوێژەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر"، ڕاپۆرتە ناڕەسمییەکان ئاماژە بە داڕشتنی پاکێجێکی یاسایی نوێ دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی ئەندامانی پەکەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی "تورکیا"ی نزیک لە حکوومەت بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەت و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) خەریکی تاوتوێکردنی یاسایەکی چوارچێوەیین کە لە ٨ بۆ ٩ ماددە پێکدێت، پێشبینیش دەکرێت بەر لە دەستپێکردنی پشووی هاوینی پەرلەمان لە ١٥ی تەمموزدا، پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
بە گوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، لە ڕۆژانی بەر لە جەژنی قورباندا، پەیوەندی و گفتوگۆ لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا و ئەو لایەنانەی کە لە میحوەرەکانی ئیمرالی و قەندیل ئامادەن ئەنجام دراوە؛ لەم چوارچێوەیەشدا پەکەکە چەند پێشنیازێکی دەربارەی نەخشەی ڕێگا و خشتەی کاتیی جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێشکەش کردووە.
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی ڕەشنووسە تاوتوێکراوەکە، دیاریکردنی دۆخی یاسایی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە دوای چەکداماڵین. بەپێی ڕاپۆرتەکە، بڕیارە لە دەقی یاساکەدا دەستنیشان بکرێت کە چ جۆرە کەسانێک دەتوانن لە ئاسانکارییە یاساییەکان سوودمەند بن، پرۆسەی دادگاییکردنی دۆسیەکان چۆن دەبێت، هەروەها جیاکاری دەکرێت لە نێوان ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە کردەوەی تاوانکاریدا کردووە لەگەڵ ئەوانەی کە تەنها ئەندامی ڕێکخراوەکە بوون.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر هەیە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەم میکانیزمە سوودمەند بن، تەنها ماوەیەکی دیاریکراو دەرفەتی پێشکەشکردنی داواکارییان هەبێت. سەرچاوەکانی ئاکپارتی باس لە دیاریکردنی مۆڵەتێکی نزیکەی یەک ساڵە دەکەن؛ بەو واتایەی کە دەبێت ئەندامانی پەکەکە لە ماوەی یەک ساڵدا چەک دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ تورکیا تا یاسا نوێیەکە ئەیانگرێتەوە.
میدیاکە ئاماژە بەوەش دەکات کە دەربارەی کادیرە باڵاکانی ڕێکخراوەکە، سیناریۆیەکی جیاواز لەسەر مێزەکەیە. بەپێی هەڵسەنگاندنە خراوەەڕووەکان، بەشێکی بەرچاو لە کۆی نزیکەی ٢٠٠ ئەندامی پلەبڵندی پەکەکە و هەروەها هەزاران ئەندامی دیکەی ئەم ڕێکخراوەیە، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ تورکیا، ئەگەری زۆرە نیشتەجێبوون لە وڵاتانی سێیەم هەڵبژێرن. بەم هۆیەشەوە، لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانەکەدا، زیاتر تیشک دەخرێتە سەر ئەو کەسانەی کە ئەندامی ڕێکخراوەکە بوون بەڵام دەوری ڕاستەوخۆیان لە دۆسیە تاوانکارییەکان و کردەوە توندوتیژییەکاندا نەبووە.
لە هەمان کاتدا، یەکێک لە مشتومڕاوییترین بەشەکانی ئەم پلانە پەیوەندی بە پرسی چالاکیی سیاسییەوە هەیە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو داواکارییانەی کە لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ لادانی بەربەستەکانی بەردەم چالاکیی سیاسیی ئەو کەسانەی کە پرۆسەکە دەیانگرێتەوە خراونەتە ڕوو، تا ئێستا لەلایەن پارتی فەرمانڕەواوە پێشوازییان لێنەکراوە.
سەرچاوەکانی نزیک لە ئاکپارتی دەڵێن لەو سیناریۆیەی کە تاوتوێ دەکرێت، ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بۆ ماوەیەک دەخرێنە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە، جگە لەوەش قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆیان لەبەرچاو دەگیرێت.
شایەنی باسە تا ئێستا هیچ کام لەم خاڵانە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە و وردەکارییە خراوەەڕووەکان لە ئاستی پێشبینیی میدیایی و گێڕانەوەی سەرچاوەکانی نزیک لە دەسەڵاتدان. لەگەڵ ئەوەشدا، شرۆڤەکاران پێیان وایە بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە دەکرێت وەک یەکەم نیشانەی کۆنکرێتیی دەرکەوتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەو پرۆسەیە سەیر بکرێت کە نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر بە پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان حکوومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستی پێکرد و ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی هێزەکانی ئەو ڕێکخراوەیە.
Your Comment