بەپێی هەواڵی کوردپرێس؛ لە ڕاپۆرتەکەی میدل ئیست ئای-دا هاتووە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گفتوگۆی مانگی ڕابردووی خۆیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕایگەیاندووە کە بەنیازی سەردانیکردنی ئەنقەرەیە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لەم مانگەدا. هاتنەدیی ئەم سەردانە دەتوانێت لووتکەی ئەمساڵی ناتۆ بکاتە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتییەکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا.
"میدل ئیست ئای" کە پشتی بە سەرچاوە ئاگادارەکان بەستووە، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ٢٠ـی ئایاردا لەگەڵ ئەردۆغان، بەرنامەی خۆی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ ئاشکرا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە مانگی نیساندا باسی لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ کردبوو و ڕەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانێتییەکە کردبوو.
هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە و سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ئامادەنەبوونی لە لووتکەی ناتۆدا نەکردووە.
هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەردۆغان هیوادارە پێش دەستپێکردنی لووتکەی ناتۆ، لە کاتی یاریی نێوان هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی تورکیا و ئەمریکا لە مۆندیالی ٢٠٢٦، کە بڕیارە لە ٢٥ـی حوزەیران لە لۆسئانجلێس بەڕێوە بچێت، چاوی بە ترەمپ بکەوێت. سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئەردۆغان، کە خولیایەکی تایبەتی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی هەیە، ئەگەر هەیە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ ترەمپدا تەماشای ئەم یارییە بکات؛ هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بەم گەشتە نەدراوە.
بەرپرسانی تورکیا چاوەڕوانن ترەمپ بەڵێنەکەی بۆ سەردانیکردنی تورکیا بەجێ بهێنێت. ئەردۆغان لە خولەکانی یەکەم و دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا سەردانی واشنتنی کردبوو، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دابوو کە سەردانی تورکیا بکات.
سەرڕای ئەمەش، سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە و ترەمپ بەوە ناسراوە کە بڕیاری لەناکاو دەدات. کۆشکی سپی تا ئێستا وەڵامی داواکاریی میدیاکانی بۆ لێدوان لەمبارەیەوە نەداوەتەوە.
هاوکات، ئەگەری ئامادەبوونی ترەمپ لە لووتکەی ئەنقەرەدا، سەرنجی تایبەتی وڵاتانی ئەوروپای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بە گوتەی دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی ئەوروپی، ئەم کۆبوونەوەیە لەوانەیە ببێتە گرنگترین لووتکەی ناتۆ لە چەند دەیەی ڕابردوودا؛ چونکە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان لە دۆخێکدا ڕووبەڕووی داهاتووی ئەم هاوپەیمانێتییە دەبنەوە کە واشنتن نیشانەکانی کەمکردنەوەی پابەندییە ئەمنییەکانی بەرامبەر بە ئەورووپا دەرخستووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چاوەڕوان دەکرێت مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و سەرکردەکانی ئەورووپا، لە لووتکەی ئەنقەرەدا هەوڵ بدەن ترەمپ قایل بکەن بە پاراستنی ڕۆڵی ئەمریکا لە ئەمنییەتی ئەتڵەسییدا. لە بەرامبەردا، هەندێک لە دیپلۆماتکاران پێیان وایە هاوپەیمانەکان دەبێت خۆیان بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێ ئامادە بکەن، کە هەم داواکارییەکانی ترەمپ لەبەرچاو بگرێت و هەم پێداویستییە ئەمنییەکانی ئەوروپا دابین بکات؛ پرۆسەیەک کە بە گوتەی ئەوان ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت.
Your Comment