بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا کوردی سووریا توانیویانە هەشت کورسی لە پەرلەمانی نوێی ئەم وڵاتەدا بەدەستبهێنن، ناکۆکی نێوان دوو ڕەوتە سەرەکییە سیاسییەکەی کورد لەسەر چۆنیەتیی بەشداریکردن لە پێکهاتەی سیاسیی نوێی سووریادا جارێکی دیکە دەرکەوتەوە. پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و بەڕێوبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵبژاردنی پەرلەمانییان بایکۆت کرد، بەڵام ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بەشداریی تێدا کرد؛ دۆخێک کە نیشانی دەدات سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دواییانە بۆ یەکڕیزیی سیاسیی کورد، ناکۆکییە بنەڕەتییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
پەرلەمانی نوێی سووریا لە ۲۱۰ کورسی پێکدێت کە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوە خۆجێییەکانەوە و یەک لەسەر سێی دیکەی بە دامەزراندن لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری دەکرێن. حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کێشەی کارگێڕی، ئاوارەبوونی بەربڵاوی هاووڵاتییان و نەبوونی بەڵگەنامەی ناسنامە بۆ زۆربەی سوورییەکان، سازکردنی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی نیشتمانی نەگونجاو بووە.
هەڵبژاردن لە پارێزگای حەسەکە و شارە کوردنشینەکانی کۆبانێ و عەفرین بەڕێوەچوو، بەڵام پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و هێزە نزیکەکانی لە بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا خۆیان بەدوور گرت. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها ساڵێک لەمەوبەر، پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی سووریادا ڕێککەوتبوون کە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن.
یەکڕیزی لەسەر کاغەز، ناکۆکی لە کرداردا
غەسسان بازۆ، توێژەر لە سەنتەری ڕاگەیاندنی ڕۆژاوا، پێیوایە گفتوگۆکانی یەکڕیزی نەیتوانیوە ناکۆکەی سەرەکییەکانی نێوان ئەم دوو ڕەوتە بڕەوێنێتەوە. بە گوتەی ئەو، تەنانەت دوای کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە نیسانی ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی پرسە سەرەکییەکان بە چارەسەرنەکراوی مانەوە و گومانەکان لەسەر بەردەوامیی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک هێشتا بەربڵاون.
بازۆ دەڵێت بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردی سووریا هەست دەکات حیزبە سیاسییەکان زۆرتر خەریکی ململانێی ناوخۆیی خۆیانن، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی پێش هەر شتێک نیگەرانی کێشە ئابوورییەکان، ئاسایش و پاراستنی دەستکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوودان.
ناوبراو هەروەها هۆشداری دەدات کە زۆربەی کوردان نیگەرانن لەم قۆناغە هەستیارەدا، بڕیارە گرنگەکان دەربارەی پێکهاتەی سیاسی و دەستووری داهاتووی سووریا بەبێ ئامادەبوونی کاریگەر و کارای کورد بدرێن.
له ڕێککەوتنی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە تا سازکردنی هەڵبژاردن
ناوچە کوردنشینەکانی حەسەکە و کۆبانێ لە سەرەتادا لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوورخرابوونەوە، چونکە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون. بەڵام دوای پێشهاتە سەربازییەکانی مانگی کانوونی دووەم و پێشڕەویی هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە بەشگەلێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕێککەوتنێک لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ تێکەڵکردنی قۆناغ بە قۆناغی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا هاتە ئاراوە، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ سازکردنی هەڵبژاردن.
بۆچی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک هەڵبژاردنی بایکۆت کرد؟
سیهانۆک دیبۆ، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD)، جەخت دەکاتەوە کە ئەم حیزبە پرەنسیپی ئامادەبوونی کورد لە پەرلەمانی سووریادا بە پێویست دەزانێت، بەڵام دژی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە بووە.
بە گوتەی ناوبراو، کورد نزیکەی ۲۰٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنێت و دەبێت پشکێکی گونجاو لەگەڵ ئەم ڕێژەیەی دانیشتووانە لە پەرلەماندا هەبێت. دیبۆ پێیوایە ئەو کەسانەی بە نوێنەرایەتیی ناوچە کوردنشینەکان چوونەتە پەرلەمانەوە، لوزوومەن گوزارشت لە داواکارییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد ناکەن.
یەکێکی دیکە لە ڕەخنەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک بۆ چۆنیەتیی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای حەسەکە دەگەڕێتەوە. ئەلدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک، ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی زۆربەی پارێزگاکانی سووریا کە وەک یەک بازنەی هەمەکی سەیر کران، حەسەکە دابەشکرا بۆ چەند بازنەیەکی جیاواز لەوانە حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک. بە گوتەی ئەو، جیاکردنەوەی ناوچە عەرەبنشین و کوردنشینەکان بە جۆرێک کراوە کە لە کرداردا بووەتە هۆی دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی نەتەوەیی و ناوچەیی.
دیبۆ هەروەها سیاسەتەکانی دانیشتووانی سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعسی بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی کوردان زانی. ئەو بە ئاماژەدان بە نیشتەجێکردنی بەربڵاوی عەرەب لە ناوچە سنوورییەکانی حەسەکە لە دەیەی ۱۹۷۰دا، جەختی کردەوە کە قبووڵکردنی دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتانە و ئەژمارکردنی کورد وەک کەمینە لەم پارێزگایەدا، درێژەپێدانی هەمان پڕۆژەی عەرەبکردنی ڕابردووە.
بێهیوایی لە پشکی کەم و ناچیزەی کورد
ئیدریس نەسان، یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی کۆبانێ، دەڵێت ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆ کورد تەرخانکراون لەگەڵ کێشی ڕاستەقینەی دانیشتووانی ئەوان لە سووریادا یەکناگرێتەوە.
بە گوتەی ئەو، زۆربەی کوردان چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد لانی کەم ۴۰ کورسی لە کۆی ۲۱۰ کورسی پەرلەمان بۆ نوێنەرانی کورد تەرخان بکرێت. نەسان جەخت دەکاتەوە کە بەم هۆیەشەوە، ژمارەیەک لە حیزبە کوردییەکان لەوانە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان قبووڵ نەکرد و داوای بایکۆتکردنیان کرد.
غەسسان بازۆش پێیوایە هەشت کورسیی پەرلەمانی بۆ کورد خاوەنی هەژموونی سیاسیی پێویست نابێت و نوێنەرانی کورد لەم دۆخەدا توانایەکی ئەوتۆیان نابێت بۆ کاریگەریی دانان لەسەر ئەجێندای سیاسیی وڵات.
ستراتیژی جیاوازی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا
لەکاتێکدا، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) بەشداریکردن لە پەرلەمان بە دەرفەتێکی سیاسی دەزانێت. شەلال گەدۆ، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا و ئەندامی سکرتاریەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی، پێیوایە پەرلەمانی ڕاگوزەر ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە داڕشتنی دەستوور و دیاریکردنی ڕێڕەوی داهاتووی سووریا، و نابێت کورد لەم پرۆسەیە دووربکەوێتەوە.
ئەو دەڵێت هەرچەندە ڕێژەی نوێنەرایەتیی کورد کەمترە لەوەی کە دڵخوازە، بەڵام ئامادەبوون لە دامەزراوە فەرمییەکاندا «لە هیچی باشترە» و دەکرێت ببێتە سەرمایەیەکی سیاسیی گرنگ بۆ داهاتوو.
بەم هۆیەشەوە، بەشێکی سەرەکیی ئەو نوێنەرە کوردانەی کە چوونەتە پەرلەمانی نوێی سووریاوە، سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی یان ڕەوتە نزیکەکانی ئەوانن.
کورسییەکانی پەرلەمان یان گەرەنتی مافەکانی کورد؟
ئەگەرچی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع لە مانگی کانوونی دووەمدا لە ڕێگەی مەرسوومێکەوە جەختی لەسەر مافە سیاسی و زمانەوانییەکانی کورد کردبووەوە، بەڵام بەڕێوبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم هەنگاوەی بە ناتەواو زانی و داوای گەرەنتیکردنی مافەکانی کوردی لە دەستووردا کرد.
سیروان قەجۆ، ڕۆژنامەنووس و توێژەری کاروباری کوردی سووریا، پێیوایە کێشەی سەرەکیی کورد تەنها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان نییە. بە گوتەی ئەو، ئەوەی کورد لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا داوای کردووە، بەفەرمی ناسینی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی ئەوانە لە دەستووری سووریادا.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە چەند کورسییەکی پەرلەمانی یان دەرچوونی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی گەرەنتییە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ مافەکانی کورد لە سووریای داهاتوودا.
لە دەرئەنجامدا، ناڕەزایەتی و ناکۆکیی ئێستای نێوان پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی تەنها لەسەر بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن نییە لە هەڵبژاردندا؛ بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دوو تێڕوانینی جیاوازە دەربارەی چۆنیەتیی دابینکردنی مافەکانی کورد لە سووریای پاش شەڕدا: بەشداریکردن لە پێکهاتە نوێیەکانی حکوومەتدا بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی قۆناغ بە قۆناغ، یان فشار خستنە سەر بۆ بەدەستهێنانی گەرەنتییە سیاسی و دەستوورییەکان پێش چوونە ناو ئەم پێکهاتانەوە.
Your Comment