تۆماس باراک؛ نێردەی تایبەتی ترەمپ لە تورکیا، عێراق و سووریا

دۆناڵد ترەمپ بە دەست نیشان کردنی هاوکاتی تۆم باراک وەک نێردراوی تایبەتی خۆیلە  سووریا و عێراق، پێگەی ناوبراوی وەک گرنگترین نوێنەری خۆی لە گۆڕانکارییەکانی شام و مێزۆپۆتامیادا بەهێزتر کرد. ئەم بڕیارە پەیامی گرنگی بۆ دیمەشق، بەغدا، ئەنقەرە و کورد پێیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتگەلێک لەسەر کۆتاییهاتنی ئەرکی تایبەتی تۆماس باراک لە دۆسیەی سووریادا بڵاوکرابوونەوە، دۆناڵد ترەمپ بە دەرکردنی فەرمانێکی نوێ، نەک هەر مانەوەی ئەو لەم دۆسیەیەدا درێژکردەوە، بەڵکوو مەودای بەرپرسیارێتییەکانی بۆ عێراقیش فراوانتر کرد.

ترەمپ لە پەیامێکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تورکیا، وەک «نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سووریا» و هەروەها «نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق» دەستنیشان دەکرێت. ئەو لەم پەیامەدا ستایشی ئەدای باراکی کرد و گوتی ئەم دامەزراندنە لە پێناو پێشخستنی هاوکارییە ستراتیژییەکانی واشنتۆنە لەگەڵ حکوومەتەکانی سووریا و عێراق. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، باراک هاوکات پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرەش دەپارێزێت.

ئەم بڕیارە کۆتایی بەو ناڕوونییانە هێنا کە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەسەرچوونی نازناوی فەرمی «نێردراوی تایبەتی سووریا» بۆ باراک دروست ببوو. پێشتر هەندێک لە میدیاکان ڕاپۆرتیان دابوو کە خولی ئەرکی تایبەتی ئەو لە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٦دا کۆتایی هاتووە؛ بابەتێک کە ببووە هۆی دروستبوونی پێشبینی لەسەر کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەو لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سووریا.

تەنانەت بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردبووەوە کە خولی ئەرکی تایبەتی ئەو لە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٦ کۆتایی هاتووە، ئەمەش پێشبینی کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەوی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا دروست کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، شیکارییەکی بڵاوکراوەی گۆڤاری (المجلة) بە پشت بەستن بە لێدوانەکانی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەوە کردبووەوە کە کۆتاییهاتنی ناونیشانێکی کارگێڕی مەرج نییە بە واتای دوورکەوتنەوەی باراک بێت لە دۆسیەی سووریا. ڕۆبیۆ ڕوونی کردبووەوە: «ئەگەرچی ئەو ناونیشانە بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام باراک هێشتا ڕۆڵی ڕابەرایەتی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە سووریا و عێراقدا دەبێت». بە نووسینی (المجلة)، دەستەواژەی «ئەو ناونیشانە» نیشانی دەدا کە تەنیا دۆخی یاسایی دامەزراندنێکی کاتی کۆتایی هاتووە، نەک بەرپرسیارێتی کرداریی ئەو لەم دۆسیانەدا.

ئێستا پەیامە نوێیەکەی ترەمپ ئەم تێگەیشتنەی پشتڕاست کردووەتەوە و نیشانی دەدات کە کۆشکی سپی نەک هەر بەنیازی کەمکردنەوەی ڕۆڵی باراک نییە، بەڵکو دەیەوێت بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی سووریا و عێراق زیاتر لەژێر دەستی ئەودا چڕ بکاتەوە. ئەم هەنگاوە گوزارشت لە متمانەی تایبەتی ترەمپ بە دیپلۆماسی کەسیی باراک دەکات؛ کەسایەتییەک کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بووەتە ئەکتەری سەرەکی پێوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا، تورکیا و ئەکتەرە ناوچەیییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا، شرۆڤەکاری پێشووی (کوردستان واچ)یش ئاماژەی بەوە کردبوو کە باراک لە کرداردا بووەتە ڕێکخەری سەرەکی سیاسەتی ئەمریکا لە شام و مێزۆپۆتامیادا و نفووزی ئەو لە سەرووی پێگەی فەرمی «نێردراوی تایبەتی سووریا»وەیە. ئەم ڕاپۆرتە جەختی دەکردەوە کە نزیکایەتی کەسیی باراک لە ترەمپ و دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی بە کۆشکی سپی، پێگەکەی لە زۆربەی دیپلۆماتە نەریتییەکانی وەزارەتی دەرەوە جیا کردووەتەوە.

دامەزراندنی هاوکاتی باراک وەک نێردراوی تایبەتی سووریا و عێراق دەکرێت نیشانەیەک بێت لە هەوڵی ئیدارەی ترەمپ بۆ یەکخستنی سیاسەتەکانی واشنتۆن لە دوو دۆسیەی تەواو لێکگرێدراوی ناوچەکەدا؛ دوو دۆسیە کە بابەتگەلی وەک شەڕی دژ بە داعش، داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا، پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و دۆخی کورد لە سووریا و عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

لەکۆتاییدا، بەپێچەوانەی تێگەیشتنە سەرەتایییەکان لەسەر کۆتاییهاتنی ئەرکی باراک، گۆڕانکارییە نوێیەکان نیشانی دەدەن کە ئەو نەک هەر لە دۆسیەی سووریا دوور نەخراوەتەوە، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیدارەی ترەمپ؛ کەسایەتییەک کە ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتی ڕێبەریی هاوکاتی دوو دۆسیەی ستراتیژی سووریا و عێراقی لەئەستۆیە.

News ID 227246

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha