قوباد تاڵەبانی: بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانیی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموکرات بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێ و هەروەها سازکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕایگەیاند، یەکێتی هەم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و هەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە تەواوی ئامادەیە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی سەرەکی تەنها بەستنی کۆبوونەوەکان نییە؛ بەڵکوو دەبێت ڕەوتە سیاسییەکان بگەنە ئەو تێگەیشتنەی کە حکوومەتی داهاتوو پێویستی بە بەشداریی ڕاستەقینە، کارکردنی هاوبەش و پێکەوەژیان هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هەر کاتێک بۆ بەستنی کۆبوونەوەی هاوبەش دیاری بکرێت، حزبەکەی ئامادەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بە ڕێزێکی زۆرەوە دەڕواننە دەستپێشخەرییەکەی «سەلاحەدین بەهائەدین»، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ڕایگەیاند کە یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوەیە لەگەڵ پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت.

ناوبراو زیادی کرد: «یەکێتی پێشوازی لە هەر بژاردەیەک دەکات کە وەک چارەسەرێک لەم چەقبەستووییە سیاسییە ڕزگارمان بکات؛ بەڵام ئاسانترین چارەسەر ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە و ڕێکبکەون.»

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێوە ڕوونی کردەوە: «ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتداین و هاوڕاین.»

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەش وتی: «بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەین».

News ID 227248

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha