بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاریز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ ڕووداو، ڕەخنەی لە بەردەوامبوونی سیستمی «دووئیدارەیی» لە هەرێمی کوردستان گرت و ڕایگەیاند کە ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری هەرێم لە کایە سیاسی، کارگێڕی و نێودەوڵەتییەکاندا.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێکهاتەی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان وتی: «ئەم شێوازە نەەک هیچ چەشنە یارمەتییەک بە هەرێم ناگەیەنێت، بەڵکوو زۆر لاوازیشی دەکات.»
هەروەها داوای لە نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ یەکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕیی هەرێم بێتە سەر هێڵ و وتی: «داوای لێدەکەم چارهسهرێک بۆ دۆخی ئێستای هەرێم بدۆزێتەوە.»
ئەم کەسایەتییە سیاسییە بە ئاماژەدان بە پێویستیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە حکوومییەکان، ڕوونیکردەوە کە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، پێگەی هەرێمی کوردستان لای حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لاواز دەکات.
لە درێژەدا تەئکیدی کردەوە کە ڕێگەی چارەسەر، پێکهێنانی «حکوومەتێکی کارامە و خزمەتگوزار»ە لە پاڵ پەرلەمان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان دامەزراوەکاندا؛ بابەتێک کە بە وتەی ئەو دەتوانێت زەمینە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی «دووئیدارەیی» لە هەرێمی کوردستاندا خۆش بکات.
Your Comment