تورکیا پشتگیری لە ڕێککەوتنی ئەگەری نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات

سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە تەواوی پشتیوانی لە هەر ڕێککەوتنێک دەکات کە لەگەڵ ئێراندا جێبەجێ بکرێت بۆ گەرەنتیکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی بوو لە تێلێکۆنفرانسێکدا کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی ناوچەکە و جیهان ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە هاوبەشەدا، هەریەکە لە شای بەحرەین، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، میری قەتەر، سەرکۆماری میسر، جێنشینی سعوودیە، شای ئوردن، سوپاسالاری پاکستان و ئەندامانی کابینەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەشدار بوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەمیشە لایەنگری دیپلۆماسی و گفتوگۆ بووە بۆ چارەسەری قەیرانەکان. ئەو خۆشحاڵی خۆی نیشان دا "بەرامبەر بەو ئاستە دیپلۆماسییەی کە دۆناڵد ترەمپ باسی کردووە "و گوتی: «هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ گەرەنتیکردنی ئازادیی ڕێڕەوی دەریایی لە هورموز، بنەمایەکی گرنگ دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.»

سەرکۆماری تورکیا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو وڵاتانەی هاوکار بوون لە سەرکەوتنی قۆناغی دانوستانەکاندا، ڕایگەیاند کە ئەنقەرە ئامادەیە لە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەدا لەگەڵ ئێران، هەموو پشتیوانییەکی پێویست پێشکەش بکات. دڵنیایی خۆشی دەربڕی کە کێشە ئاڵۆزەکانی وەک دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەدا چارەسەر دەبن.

لە کۆتاییدا ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا خوازیاری قۆناغێکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تێیدا هیچ وڵاتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتێکی تر، و ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەدیهاتنی ئاشتییەکی دادپەروەرانەدا، هیچ لایەنێک زیانمەند و دۆڕاو نابێت.

News ID 227210

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha