بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕەخنەی لە پرۆسەی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرت و و ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستاش یەکێتی نیشتمانیی وەک "برای بچووکیش" نەبینیوە و قبووڵی نەکردووە.
ناوبراو لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستان وتی: «لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، هەمیشە لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی دەسەڵات ناکۆکی هەبووە. کێشەی سەرەکیش نەبوونی بەرنامە و ڕەشنووس نییە، بەڵکو نەبوونی توانای پارتەکانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و باوەڕنەبوونیانە بە هاوبەشیی سیاسی.»
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەش کرد: «هەر لایەنێک وای بۆ دەچێت کە پشکەکەی کەمە و هەر بەو هۆیەشەوە ڕێککەوتن نایەتە بەرهەم. لە ڕاستیدا هیچ کەسێک بڕوای بە هاوبەشیی ڕاستەقینە نییە.»
هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وتی: «لە سەرەتای گفتوگۆکاندا هەوڵ درا بگەینە دیدگایەکی هاوبەش و سەرجەم بابەتەکان بێ هیچ هێڵێکی سوور خرانە بەر باس، بەڵام کاتێک گەیشتینە سەر دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان، ناکۆکییەکان دەستیان پێکرد.»
ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی زیادی کرد: «یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستانی بە برای گەورە دەزانی و قبووڵیشی کردبوو کە پشکی ئەوان لە حکوومەتدا زیاتر بێت، بەڵام پارتی تەنانەت یەکێتی وەک برای بچووکیش قبووڵ نەکرد.»
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی تەنانەت هاوپەیمانییە سیاسییەکەی ئەوانی لەگەڵ "نەوەی نوێ" قبووڵ نەبووە، و کێشەی سەرەکی بریتییە لە نیگای پاوانخوازیی (قۆرخکاریی) پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەعدی پیرە وتیشی: «پارتی لە بەغدا و لەسەر ئاستی عێراق داوای ڕێککەوتن و هاوسەنگی دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەمە قبووڵ ناکات و پێی وایە تەنها دەبێت خۆی ئاڕاستەی ڕێککەوتنەکان بکات.»
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پیرە ڕەخنەی لە شێوازی دابەشکردنی وەزارەتەکان گرت و ڕایگەیاند: «ئەوان دەیانەوێت وەزارەتە سیادی، ئابووری و تەکنیکییەکان بۆ خۆیان بهێڵنەوە و سێکتەرەکانی دیکە بە پارتەکانی تر بدەن.»
لە کۆتاییدا ناوبراو ڕوونیکردەوە: «یەکێتی هیچ شتێک وەک سەدەقە و خێر قبووڵ ناکات، بەڵکوو خوازیاری هاوبەشیی ڕاستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا.»
Your Comment