سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ پێکدێنێت

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئەو هێرشانەی "لە خاکی عێراقەوە" دەکرێتە سەر سعوودیە و ئیمارات لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمبارەوە وتی: "لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، رێنمایمان داوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ئاشکراکردنی وردەکاریی و ڕاستییەکانی پشت ئەو هێرشانە".

ناوبراو راشیگەیاند: "جارێکی دیکە سەرکۆنەی ئەو کارە تاوانکارییانە دەکەین کە کرانە سەر هەردوو وڵاتی سعوودیە و ئیمارات، جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکەینەوە و پێویستە لێکۆڵینەوەکەمان بە هاوبەشی بێت لەگەڵ  سعوودیە و ئیمارات، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو بەڵگەکان بین و بزانین ئایا خاکی عێراق لەو هێرشانەدا بەکارهاتووە یان نا".

عەلێ زەیدی وتووشیەتی: "ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە تاوەکوو تەواوی رێکارە ئەمنی و یاساییەکان بەرامبەر تێوەگلاوان بگرینە بەر، بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە خاک و ئاسمانی عێراق بکرێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی برا و دۆست".
شایانی باسە لە چەند ڕۆژی رابردوودا بە درۆن هێرش کرایە سەر سعوودیە و ئیمارات، دواتر بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاندبوو، کە درۆنەکان لە عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەکانیان کراون.

News ID 227195

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha