بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دە پارتی سیاسیی کوردستانی سووریا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کاتێکدا پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا چاوەڕوانی قۆناغێکی نوێ بوون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆدێرن لەسەر بنەمای "هاوڵاتیبوون و هاوبەشی ڕاستەقینە" تا کۆتایی بە دەیان ساڵ لە چەوساندنەوە و پەراوێزخستن بهێنرێت، بەڵام دەرەنجامی دابەشکاریی کورسییەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا گەلەکەمانی تووشی "شۆک" کردووە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەم دە پارتەدا هاتووە کە ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە ڕاستییەکان ناکات و تەنها بەردەوامیپێدانە بە هەمان سیاسەتی "شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی" پێشوو. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە: "سنووردارکردنی نوێنەرایەتی کورد بە تەنها چوار کورسی، فریودانێکی ئاشکرای ڕاستی دیمۆگرافی و سیاسییە. گەلی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و مێژووییە و ڕێژەی دانیشتوانی لە سووریادا کەمتر نییە لە ٢٠٪، کەچی ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دەنگی ڕاستەقینەی خۆی و مافی بەشداربوون لە بڕیارە نیشتمانییەکان بێبەش دەکرێت."
ئەو لایەنە سیاسییانە بە توندی ئەم دابەشکارییە ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە ئامانج لەم کارە "لەناوبردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە". ئەوان داوای مافی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە بەپێی پێوەری دانیشتوان، دەبێت نوێنەرایەتی کورد لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە ٤٠ کورسی کەمتر نەبێت.
لیستی ئەو پارتە سیاسییانەی ڕاگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە:
ئەم هەڵوێستە هاوبەشە لەلایەن ئەم لایەنە سیاسییانەی خوارەوە ڕاگەیەندراوە:
١. پارتی لیبراڵی کورد لە سووریا.
٢. پارتی سەوزی دیموکراتیک.
٣. پارتی هاوپەیمانی دیموکراتیکی کورد لە سووریا.
٤. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان.
٥. پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا.
٦. پارتی گۆڕانی دیموکراتیکی کوردستان.
٧. پارتی کۆبوونەوەی نیشتیمانی کوردستان.
٨. پارتی پارێزگارانی کوردستان.
٩. پارتی رۆژی دیموکراتیکی کورد لە سووریا.
١٠. تەڤگەری نوێبوونەوەی کوردستان.
Your Comment