کوردۆلینگۆ؛ پردێکی دیجیتاڵ بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە تورکیا

سەکۆیەکی نوێی فێرکاریی زمانی کوردی بە بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، هەوڵ دەدات بەشێک لەو بۆشاییە مێژووییەی فێربوونی کوردی لە تورکیا پڕ بکاتەوە و ئەم زمانە بباتە ناو کایە فراوانەکانی دیجیتاڵ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ئەوەی ملیۆنان کەس لە تورکیا بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام ئەم زمانە هێشتا لە سیستەمی پەروەردە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی ئەو وڵاتە پەراوێز خراوە. ئێستا پلاتفۆرمێکی نوێی پەروەردەیی بە ناوی «کوردۆلینگۆ» (Kurdolingo) هەوڵ دەدات بەشێک لەم بۆشاییە مێژووییە پڕ بکاتەوە؛ دەسپێشخەرییەک کە هاوکات لەگەڵ فێرکردنی زمان، دەپەرژێتە سەر پرسی مافە زمانەوانییەکانی کورد و نایەکسانیی دیجیتاڵیش.

جیهاد ئیلباش، دامەزرێنەری ئەم سەکۆیە کە زیاتر لە سێزدە ساڵ وەک مامۆستا و وەرگێڕی زمانی کوردی چالاکی کردووە، دەڵێت بیرۆکەی دامەزراندنی کوردۆلینگۆ ڕاستەوخۆ لە پێداویستییە واقیعییەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە. بە گوتەی ئەو، گەشەکردنی فێرکاریی ئۆنلاین بەتایبەت دوای پەتای کۆرۆنا، کەمیی سەرچاوە فێرکارییەکانی زمانی کوردی زیاتر ئاشکرا کرد.

ئیلباش لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای "ئامارجی" ڕوونی کردەوە: «نەمدەتوانی سەرچاوە فیزیکییەکان بۆ خوێندکارەکانم بنێرم کە لە وڵاتە جیاوازەکان دەژیان. هەر بۆیە ناچار بووم ناوەرۆکە دیجیتاڵییەکانی خۆم بەرهەم بهێنم.» ئەو دەڵێت ئەم ڕەوتە هێدی هێدی بووە هۆی دروستبوونی کۆمەڵەیەک لە نامیلکەی فێرکاری، فەرهەنگ، فایلە دەنگییەکان و کتێبی کوردی.

زمانی کوردی؛ زمانێکی زیندوو بەڵام سنووردارکراو

ئەگەرچی زمانی کوردی هێشتا لە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی کوردانی تورکیادا ئامادەیی هەیە، بەڵام لە بوارەکانی وەک پەروەردە، میدیا و بەرهەمە دیجیتاڵییەکاندا لەگەڵ سنوورداریی توند بەرەوڕووە. کۆچ و شارنشینییش بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی فەزا سروشتییەکانی بەکارهێنانی ئەم زمانە؛ لە کاتێکدا سیستەمی پەروەردەی تورکیا هیچ پاڵپشتییەکی کاریگەر بۆ فێربوونی کوردی پێشکەش ناکات.

دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، زمانی کوردی بۆ چەندین دەیە لە کایەی گشتی سڕایەوە. بەکارهێنانی لە پەروەردە و پەیوەندییە فەرمییەکان قەدەغە بوو و سیاسەتەکانی دەوڵەت عمەلییەن ڕەوتی گەشەی ئەم زمانەیان ڕاگرت. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە خولی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ کورد هەندێک کرانەوەی سنووردار دروست بوون، بەڵام کوردی هێشتا لە تورکیا وەک زمانێکی فەرمیی پەروەردە ناناسرێت.

لە دەستووری تورکیادا، ماددەی ٣ زمانی تورکی وەک تاقە زمانی فەرمیی وڵات دەناسێنێت و ماددەی ٤٢یش خوێندن بە زمانی دایک جگە لە تورکی قەدەغە دەکات؛ کێشەیەک کە هێشتا یەکێکە لە سەرەکیترین کۆسپەکانی سەر ڕێگەی فەرمیبوونی زمانی کوردی لە پەروەردە و ژیانی گشتیدا.

هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوە فێرکارییەکانی کوردی

کوردۆلینگۆ وەک پلاتفۆرمێکی ئینتەرنێتی هەوڵ دەدات کۆمەڵەیەکی بەرفراوان لە سەرچاوە فێرکارییەکان؛ لە وانەی ڤیدیۆیی و دەنگییەوە تا کتێبی بیستراو، ڕاهێنانی وشەسازی و ئامرازی فێرکاریی جۆراوجۆر لە یەک فەزای یەکگرتوودا کۆبکاتەوە.

ئەم پلاتفۆرمە هەروەها ڕایگەیاندووە کە سەرقاڵی پەرەپێدانی ئامرازگەلێکی بنچینەکراو لەسەر ژیریی دەستکردە بۆ وەرگێڕان لە نێوان شێوەزارە جیاوازەکانی کوردی، گۆڕینی ئەلفوبێکان و بەرهەمهێنانی ڕستەی نموونەیی. ئیلباش دەڵێت ئامانجی سەرەکییان تەنها کاتبەسەربردنی بەکارهێنەر نین: «زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکان تەنها بەکارهێنەر لەناو پلاتفۆرمەکە دەهێڵنەوە، بەڵام بە ڕاستی زمان فێر ناکەن. ئامانجی ئێمە ئەوەیە زمانی کوردی بچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەوە.»

بە گوتەی ئەو، مخاطبانی ئەم پڕۆژەیە تەنها کوردەکان نین و بەکارهێنەرانی تورک و ئینگلیزی‌زمانیش دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. هەروەها بڕیارە خولی پسپۆڕی بۆ بوارەکانی وەک ڕۆژنامەنووسی، پزیشکی و یاسا دابین بکرێت.

کەلێنی دیجیتاڵ و پاشکەوتنی زمانی کوردی

دامەزرێنەری کوردۆلینگۆ جەخت دەکاتەوە کە کێشەی زمانی کوردی تەنها پەروەردەیی نییە، بەڵکو ئەم زمانە لە جیهانی دیجیتاڵیشدا دوچاری جۆرێک لە «هەژاریی داتا» بووە؛ بەو مانایەی داتا و ناوەرۆکی پێویست بۆ مەشقپێکردنی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و ئامادەیی کاریگەر لە فەزای تەکنەلۆژیادا نییە.

ئەو هۆشداری دەدات: «زمانی کوردی وەک پێویست سوودی لە دەستکەوتەکانی تەکنەلۆژیا وەرنەگرتووە و گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان زیاتر لە بەرژەوەندیی زمانە زاڵەکاندا دەڕۆنە پێش.»

لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە «یەکسانیی زمانەوانیی ئەورووپا» نیشان دەدەن زۆرێک لە زمانەکان لە فەزای دیجیتاڵدا نوێنەرایەتیی پێویستیان نییە و ئەم پرسە دەتوانێت نایەکسانیی زمانەوانی قووڵتر بکاتەوە. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری ناوەرۆکی ئینتەرنێت بە زمانی ئینگلیزی بەرهەم دەهێنرێت، زمانەکانی وەک کوردی کە پاڵپشتیی دامەزراوەییان نییە، زیاتر لەبەر مەترسیی داخورانی کولتووری و سڕانەوەی دیجیتاڵیدان.

کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی کوردی

داتاکانی «ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی-سیاسیی سامەر» باس لە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی زمانی کوردی لە تورکیا دەکەن. ئەم توێژینەوەیە کە بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس ئەنجام دراوە، نیشانی دەدات زۆرترین بەکارهێنانی کوردی لە ناو ماڵدایە؛ بە شێوەیەک ٥٠٪ی بەشداربووان لە ماڵەوە بە شێوەزارە کرمانجی دەدوێن، بەڵام نزیکەی ٦٠٪یان لە فەزای گشتیدا زمانی تورکی بەکاردەهێنن.

زۆرێک لەو کەسانەی توانایەکی کەمیان لە قسەکردن بە زمانی دایکیان هەیە، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی ئیمکاناتی فێرکاری، قەدەغە زمانەوانییەکان و پچڕانی گواستنەوەی زمان لە نێوان نەوەکان دەگەڕێننەوە.

ئەم ڕەوتە لە نێوان نەوەی گەنجدا توندترە. ئەگەرچی نزیکەی هەموو بەشداربووان خوازیاری خوێندن بە زمانی دایک بوون، بەڵام زۆرێک لە دایک و باوکە کوردەکان گوتوویانە بەهۆی زاڵبوونی زمانی تورکی لە کۆمەڵگە، لاوازیی خۆیان لە زمانی کوردی یان نیگەرانی لە کێشەی خوێندنی منداڵەکانیان، لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی نادوێن.

ئەزموونی کەتەلان و باسک؛ پەروەردە بەتەنها بەس نییە

ئیلباش بڕوای وایە تەنها زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی زمانێک «دەزانن»، بە واتای زیندووێتی ئەو زمانە نییە. ئەو ئاماژە بە ئەزموونی ناوچەکانی وەک کەتەلۆنیا و باسک دەکات؛ کە سەرەڕای پاڵپشتیی بەرفراوانی دەوڵەت و خوێندنی فەرمی، بەکارهێنانی ڕۆژانەی زمانە ناوخۆییەکان لە نێوان نەوەی نوێدا هەر ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.

لە کەتەلۆنیا، هەژموونی زمانی ئیسپانی، ئینگلیزی و تۆڕە دیجیتاڵییەکان بووەتە هۆی دابەزینی بەکارهێنانی ڕۆژانەی زمانی کەتالانی و لە ناوچەی باسکیش ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە خەریکی پەرەپێدانی ئامرازی ژیریی دەستکردن بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی دیجیتاڵیی زمانی باسکی.

ئاشتیی بەردەوام بەبێ مافی زمانەوانی مەحاڵە

پرسی مافی زمانەوانی لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی پەیوەست بە ڕەوتی ئاشتیی کورد و دەوڵەتی تورکیا. لایەنگرانی چاکسازی بڕوایان وایە ئاشتیی بەردەوام لە تورکیا بەبێ بە فەرمیناسینی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی کورد لە یاسا و لە کایەی گشتیدا، مەحاڵ دەبێت.

ئەگەرچی لە خولە جیاوازەکانی دانوستانی ئاشتیدا، هەنگاوی سنووردار وەک دامەزراندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆکان یان وانەی بژاردەی کوردی لە قوتابخانەکان نرا، بەڵام گەرەنتیی مافی خوێندن بە زمانی دایک و بەکارهێنانی فەرمیی زمانی کوردی هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

تەکنەلۆژیا؛ چارەسەری تەواو یان ئازارشکێنی کاتی؟

پلاتفۆرمەکانی وەک کوردۆلینگۆ بەتایبەت بۆ کوردانی کۆچبەر و ئەو نەوەیانەی دەستیان بە فێربوونی زمانی دایک ناگات، دەرفەتێکی نوێ دەڕەخسێنن و دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەهێزکردنی ئامادەیی زمانی کوردی لە فەزای دیجیتاڵدا.

کەچی، تەنانەت دامەزرێنەری ئەم پڕۆژەیەش جەخت دەکاتەوە کە چارەسەرە دیجیتاڵییەکان بەتەنها ناتوانن نایەکسانییە بنکەییەکان لابدەن. بە گوتەی ئەو، بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی، بەشداریی دامەزراوە کولتوورییەکان، ناوەندە زمانەوانییەکان و بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان پێویستە.

لە دۆخێکدا کە زمانی کوردی هێشتا لە پەروەردەی فەرمی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەرهەمە کولتوورییەکاندا پێگەیەکی سنوورداری هەیە، پڕۆژەکانی وەک کوردۆلینگۆ ئەگەرچی بەشێک لە بۆشاییەکان پڕ دەکەنەوە، بەڵام هێشتا ناتوانن ببنە جێگرەوەی پاڵپشتیی یاسایی و دامەزراوەیی لە زمانی کوردی.

News ID 227145

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha