دەستوەردانی دەرەکی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی دواخست

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند کە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی ڕووبەڕووی ئاستەنگی هاتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە (کورد، شیعە و سوننە) بە تەواوەتی کۆتاییهاتووە. بەڵام جەختی کردەوە کە هەندێک بەربەست لە ساتە وەختە کۆتاییەکاندا دەرکەوتوون کە ڕێگرن لەوەی پەرلەمان کۆبوونەوەی متمانەدان ئەنجام بدات.

شاخەوان عەبدوڵا هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنەکەی بۆ دەستوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گەڕاندەوە و ڕایگەیاند:

• هەندێک هێزی سیاسی پێداگری لەسەر بەشداری لە حکومەت دەکەن، بەڵام بەهۆی فشاری دەرەکییەوە ڕێگەیان پێنادرێت.

• گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی وەزاریدا کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.

• ئەم لێدوانانە وەک ئاماژەیەک بۆ "ڤیتۆ"ی ئەمریکا دژی بەشداریی ئەو گرووپە چەکدارانە دەبینرێت کە واشنتن وەک هێڵی سوور دیاری کردوون.

کاتی دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، ئەگەر تاوەکو ئەمشەو لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو وەزارەتانەی کێشەیان تێدایە، ئەوا پڕۆسەی دەنگدان بۆ متمانەدان بە حکومەت بۆ هەفتەی داهاتوو دوادەکەوێت.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە شەقامی عێراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی تێپەڕبوونی کابینەکەی عەلی زەیدین، بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقەبەستووییە سیاسییەی کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

News ID 227138

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha