بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکان نووسیویەتی: "پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان جەختمان کردبووەوە کە ئێمە خاوەن نییەتێکی باش و ئیرادەی پێویستین، بەڵام بەهۆی ئەزموونی دوو جەنگی ڕابردوو، هیچ متمانەیەکمان بە لایەنی بەرامبەر نییە".
قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە شاندی ئێرانی بە ناوی میناب ۱۶۸، کۆمەڵێک دەستپێشخەریی نوێیان خستە روو، بەڵام لایەنی بەرامبەر لەم خولەی دانوستانەکاندا نەیتوانیوە متمانە بۆ شاندی ئێرانی دروست بکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت ئەمریکا لە لۆژیک و بنەماکانی تاران تێگەیشتووە. وتیشی، ئەوان "دیپلۆماسیی بەهێز" شانبەشانی خەباتی سەربازی بە رێگەیەک دەزانن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی ئێران و دەستبەرداری "دەستکەوتەکان"ی ۴۰ رۆژەی بەرگری ئێران نابن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف سوپاسی هەوڵەکانی پاکستانی کرد بۆ ئاسانکاریی پرۆسەی دانوستاندنەکان و دەستخۆشی لە شاندی ئێرانی کرد کە بۆ ماوەی ۲۱ کاژێر لە گفتوگۆی چڕدا بوون.
Your Comment