پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕەتدەکاتەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، بە توندی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی کە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چوو، ڕەت کردەوە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن و مافەکانی گەلی کوردستانی وەسف کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کاندیدەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری کراوە، لە دەرەوەی ئالیەتە کوردستانییەکان بووە و تەنیا لەلایەن حزبێک و چەند لایەنێکی عێراقییەوە پەسەند کراوە، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقی نیشتمانیی گەلی کوردستانە نەک حزبێکی دیاریکراو، هەر بۆیە پارتی ئەو کەسە بە نوێنەری زۆرینەی کوردستان نازانێت و مامەڵەی لەگەڵ ناکات و فراکسیۆنی پارتیش وەک ناڕەزایەتییەک بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد و داوای کردبوو ناوی کاندیدەکەیان لە پڕۆسەکە لابدراوایە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: ''بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بارودۆخە هەستیارە و ڕاوێژکردن، بڕیاری داوە هەردوو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرەکانی لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان".

ئەم هەنگاوەش ئاماژەیەکی ڕوونی گرژییەکانی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکەی عێراقە لەسەر پۆستە سیادییەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پڕۆسە سیاسییەکان لە بەغدا.

News ID 227001

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha