بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی دوای نوێژی جەژنی ڕەمەزان، سەردانی گۆڕی ئاڵپئەرسلان تورکەش، دامەزرێنەری پارتەکەی کرد و لەوێوە پەیامێکی سەبارەت بە قۆناخی دوای جەژن و پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە.
باخچەلی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە کرد و وتی: "بەهۆی ڕووداوەکانی دەوروبەری وڵاتەکەمان، ناکۆکیی سیاسیی فرەلایەن و بڵاوبوونەوەی شەڕ لەنێوان وڵاتاندا، بە خەمبارییەوە پێشوازی لە جەژن کراوە".
باخچەلی باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و وتی: "لێرەدا گرنگترین بابەت ئەوەیە کە هەموو پارتە سیاسییەکان و ئەو پارتانەی لە پەرلەمان نوێنەرییان هەیە، بە کاری بەرهەمدار و کاریگەر، بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تورکیا یەکڕیز و یەکدەنگ بن".
پرۆسەی نوێی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا، لە یەکی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴ـەوە بە دەسپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد. باخچەلی داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کردبوو؛ ئۆجەلانیش لە ۲۷ـی شوباتی ۲۰۲۵دا، داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.
چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی پشووی جەژن، پەرلەمانی تورکیا دەست بە گفتوگۆیەکی چڕ بکات لەسەر راپۆرتی هاوبەشی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی".
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایدەگەیێنێت، دوای جەژن هەنگاوی گرنگ بۆ بونیاتنانی "تورکیایەکی نوێ و بەهێز" دەنرێن و خزمەتگوزاریی باشتر پێشکێش دەکرێن.
News ID 226957
Your Comment