بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری شەنگال لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە قووڵ و خێرایانەی کە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕدەبێت، شەنگالیش وەک هەرێمێکی ستراتیژی و هەستیار، پشکی خۆی لەم گۆڕانکارییانە بەردەکەوێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی مەترسیی نوێ و جیدی دەبێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندان، پیلانی نوێ و چەپەڵ دژی شەنگال لە ئارادان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوروبەری شەنگال جووڵەی نائاسایی بینراوە و هەندێک کەسایەتی کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیادان، بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن ئاسایشی ناوچەکە تێکبدەن و فیتنە لەنێوان پێکهاتەکاندا بچێنن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئێمە وەک شەنگال، کە بەشێکین لە خاکی عێراق، ئەوە وەبیر دەهێنینەوە کە لە ساڵانی ڕابردودا کاتێک دەوڵەت ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئێزدییەکاندا جێبەجێ نەکرد و گەلی ئێمە ڕوبەڕوی "فەرمانێکی ڕەش" (کۆمەڵکوژی) بوەوە، گەلی ئێمە لە ڕێگەی هێزەکانی پاراستنی خۆیەوە ئەم ئەرکەی گرتە ئەستۆ و خاکی خۆی پاراست. مخابن، ئەمڕۆ لەبری ئەوەی دان بەم هێزانەی بەرخوداندا بنرێت، سیاسەتی لەناوبردن بەسەر ئیرادەی کۆمەڵگاکەماندا دەسەپێنرێت و ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.
ئەوەشیخستەڕوو، سەبارەت بەم دۆخە گوماناوییەی ئێستا، ئێمە پەیامی خۆمان ڕاستەوخۆ دەگەیەنینە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و بانگی دەکەین کە حکومەت لە هەمبەر ئەم هەوڵە گوماناوییانە هەڵوێستێکی ڕون و جیدی نیشانبدات؛ چونکە هەر ڕوداوێکی سەربازی، سیاسی یان کۆمەڵایەتی کە ژیانی گەلی ئێمە بکاتە ئامانج، کارەساتی گەورە لەگەڵ خۆی دەهێنێت و کۆمەڵگای ئێمە کە هێشتا برینەکانی فەرمان (کۆمەڵکوژی) لە دڵیدایە، ناتوانێت زوڵمێکی نوێی لەو شێوەیە هەڵبگرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەوان وەک بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری شەنگال، کە ساڵانێکە بۆ گەڕانەوەی ژیانێکی ئازاد لە ڕێگەی هێزەکانی وەک (YBŞ، YJŞ و ئاسایش) قوربانیی گەورە دەدەین، هەمیشە ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ نیشاندەدەین تاوەکو کێشەکان بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێن. ئێمە ئامادەین هەموو کێشەکان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چارەسەر بکەین.
دەشڵێت، "تاوەکوو ئێستا هەمیشە هەوڵمان داوە کۆمەڵگای خۆمان و جوگرافیای شەنگال لە گۆڕەپانی شەڕ دور بخەینەوە، بەڵام لە دۆخێکی پێچەوانەدا و بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە بەسەرماندا بسەپێنرێت، ئێمە دەوڵەتی عێراق وەک بەرپرسی یەکەم دەبینین. بانگ لە هەمو لایەنە ئاشتیخوازەکان و دژبەرانی شەڕ دەکەین کە لە هەمبەر ئەم پیلانانەدا خاوەن هەڵوێست بن".
خۆبەڕێوبەرەی شەنگال، بانگ لە گەل، هەموو هێزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان دەکات کە بۆ پاراستنی مافی گەلی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی شەنگال، بە یەکێتییەکی نەتەوەیی بەهێزەوە بجوڵێنەوە و ڕێگە نەدەن لایەنە ناحەزەکان جارێکی دیکە شەنگال بکەنە گۆڕەپانی شەڕ و وێرانکاری.
لەکاتی ھێرشی داعش بۆ باکووری عێراق، لە ۳ی ئابی ۲۰۱۴ شاری شنگالیان گرت. لە ماوەی چەند ڕۆژی دواتردا چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژی شەنگالیان ئەنجامدا و دوو ھەزار پیاوی ئێزیدییان کوشت و هەزاران ژنی ئێزدیان کرد بە کۆیلە. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی ھێرشی مانگی ئابی داعشدا پێنج ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی ئێزدی کوژراون. کە بە جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە ناسراوە.
دوای ساڵێک و لە مانگی ۱۱ـی ۲۰۱۵ ھێزە کوردیەکان و گرووپە چەکدارە ئێزیدییەکان بە پاڵپشتی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، چونە ناو شارەکە و بە تەواوی کۆنترۆڵیان کردەوە. لە مانگی ئابی ۲۰۱۷ـدا ئێزدییەکانی شەنگال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خۆبەڕێوەبەرییان راگەیاند و ھێزەکانی پێشمەرگە لە ۱۷ی (تشرینی یەکەم/۱۰)ـی ۲۰۱۷ لە شنگال کشانەوە.
Your Comment