بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەمشەو ڕایگەیاند، گۆڕینی ناونیشانی ئیداری جەلەولا لە ناحیەوە بۆ قەزا، بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق، لەلایەن بەغدادەوە، پێچەوانەی بێ چەندوچوونی بنەما گشتییەکانی مادەی ۱۴۰ ی دەستوری هەمیشەیی عێراقە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كارە هەوڵێکی دیكەیە بۆ گۆڕانکاری لە دیموگرافیای بەشێکی تری ناوچە کوردستانییەکان. ئەم هەنگاوە تاک لایەنانە لەو ناوچانە، ئاماژەیەکی ڕوونە کە نیشانی دەدات، نیەتی جدییان نییە پابەندی دەستور و لێکتێگەیشتنی هاوبەشبن.
فەهمی بورهان دەشڵێت: "سەرئەنجام رانەگرتنی ئەم هەڵوێست و بڕیارانە لە لایەن نوێنەرانی کوردستانەوە لە بەغداد، بۆ بڕیاری خەراپتر و مەترسی زیاترمان دەبات".
شایانی باسە بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی جەلەولا، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی ئەم مانگە لەلایەن عومەر کوڕوی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەوە راگەیێندرا و ئەو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەشدا کە جەلەولا کراوەتە قەزا، دوای ئەوەی داواکارییەکە چووەتە بەغدا و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ.
Your Comment