تا ئێستا ٢٢٥٠ زیندانیی داعش لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق

دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنی سووریا بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی شەرعەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، تا رۆژی هەینی ٦ ی شوبات ژمارەی ئەو زیندانیانەی داعش گوازراونەتەوە بۆ عێراق ٢٢٥٠ تۆمەتبارە.

کوردپرێس: ماڵپەڕی سومەرییە نیووز ڕۆژی ٦ ی شوبات بڵاویکردەوە تا ئێستا ٢٢٥٠ چەکداری ڕێکخراوی داعش، کە عێراقی و سووری و ڕەگەزنامەی جیاوازیان تێدایە، گەیشتوونەتە عێراق.

هەروەها ڕوونیکردۆتەوە کە "پڕۆسەی گواستنەوەکە بە وشکانی و ئاسمانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە".

پێشتریش سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق ڕایگەیاندبوو: "ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دێن، لە زیندانی قایم و پارێزراودا دادەنرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوانە لەسەر کەیسی تیرۆر لەلایەن عێراقەوە داواکراون".

بەپێی ئاژانسی فەرمی عێراق، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان وتووشیەتی: "بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بڕیارێکی گرنگ و بوێرانەیە، کە دوای گفتوگۆیەکی چڕ و وردبوونەوە لە تەواوی ڕەهەند و وردەکارییەکانی ئەو مەلەفە دراوە".

ڕوونیشی کردەوە: "بارودۆخی سووریا ناسەقامگیرە، ئەمەش وایکردووە مانەوەی ئەو دەستگیرکراوانە ببێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بەهۆی ترسی هەڵهاتن، یان چوونە دەرەوەیان لە کەمپی هۆل"، ئاماژەی بەوەش کرد "وەزارەتی داد پلانێکی گشتگیری هەیە بۆ جێگیرکردنیان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان".

سەباح نوعمان لە کۆتاییدا دەڵیت: "پڕۆسەی دەستگیرکردنیان لە سووریا بەبێ بوونی لایەنی دادوەریی تایبەتمەند لەلایەن هێزەکانی (هەسەدە)وە ئەنجامدراوە، بۆیە ڕێکارە دادوەرییەکان لە ناوخۆی عێراق بەرامبەریان تەواو دەکرێت، چونکە ئەوان وەک داواکراو لەلایەن دادگای عێراقەوە و بەپێی فەرمانی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

News ID 226831

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha