هەسەدە بووە قوربانیی پڕۆژە گەورەترەکانی ئەمریکا

ڕۆژنامەی ناشناڵ-ی ئینگلیزی بڵاویکردەوە، پڕۆژەکەی هەسەدە بووە قوربانیی "پڕۆژەیەکی گەورەتر" کە سنووری ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەبەزێنێت، لە سایەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و ڕێککەوتنی ئاشتی سووریا-ئیسرائیل.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی "زە ناشناڵ" کە بارەگاکە لە لەندەنە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنەکەی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، بڕیار دەدات کە هەسەدە تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتی نوێ بکرێن، کە ئەمڕۆ لەژێر کۆنترۆڵی ئایدۆلۆژیایەکی تەواو جیاوازدایە، بە سەرۆکایەتی حکوومەتی ئەحمەد شەرع، سەرکردەی پێشووی قاعیدە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ۲۰۲۴، لە واشنتن نزیکبووەتەوە.

"زە ناشناڵ"، دەشڵێت پڕۆژەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بووە قوربانیی "پڕۆژەیەکی گەورەتر" کە سنووری ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەبەزێنێت، لە سایەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و پێشکەوتن بەرەو ڕێککەوتنی ئاشتی سووریا-ئیسرائیل، هاوکات لەگەڵ سەیرکردنی دیمەشق وەک قەڵایەک لە بەرامبەر هەژمونی ئێران.

لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، هەسەدە دەستبەرداری ڕووبەرێکی فراوانی زۆرینە عەرەب بوو کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا کۆنترۆڵیکردبوون و کشانەوەی لە شەڕێکی کراوە لەگەڵ هێرشی حکوومەت کە لە شاری حەلەبەوە دەستیپێکرد و بەرەو ڕۆژهەڵات چوو، پێ باشتر بوو. حکوومەتی ناوەندی، لەگەڵ ئەم بڵاوەپێکردنەدا، زۆربەی سەرچاوە کشتوکاڵییەکان، کارەبا و کێڵگەکانی وزەی وەرگرتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون، لەوانەش بەرهەمهێنانێک کە بە نزیکەی ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێت.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، هێزە حکوومییەکانی سووویا بەپێی ڕێککەوتنی "تەواوکاری" لە شارەکانی حەسەکە، کۆبانێ و قامیشلۆ بڵاوبوونەتەوە، لە کاتێکدا هەسەدە پاشەکشەیکردوە بۆ ناوچەیەکی کوردی کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و عێراق، لە کاتێکدا ئەنقەرە بە گەورەترین پشتگیری هەرێمی بۆ ئەحمەد شەرع دادەندرێت و ئامانجێکی ڕاگەیەندراوی هەیە کە کۆتاییهێنانە بە بوونی هەسەدە.

"زە ناشناڵ" دەشڵێت، ڕێککەوتنەکە تەنها سەربازی و ئەمنی نەبووە، بەڵکوو لە قووڵاییدا لە "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" داوە کە هەسەدە وەک بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر بۆ حوکمڕانییەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دایڕشتبوو، کە وێنای جۆرێک لە دیموکراسی ناوخۆیی دەکرد بە جەختکردنەوە لەسەر مافی ژنان و کەمینەکان، و داننان بە فرەزمانی، لەوانەش گونجاندنی زمانی سریانی لە تەنیشت عەرەبی و کوردی لە هەندێک ناوچەی مەسیحینشین.

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوەدەکات کە گەمارۆدانی ناوەندە دانیشتوانە کوردییەکان، و هەڵوەشاندنەوەی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری کە ناوچە زۆرینە عەرەبەکانی دەگرتەوە، بە کردەوە واتای گەڕانەوەی زۆربەی ئەو ناوچانەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی دیمەشق، و دوبارەکردنەوەی دۆسیەی ئایندەی کورد لە سووریا لە خاڵێکی نزیکتر لەوەی پێش ساڵی ۲۰۱۱، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتێکی نوێ و هاوسەنگییەکی جیاوازی هێزدا.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوەدەکات، سوپای ئەمریکا مەزڵووم عەبدی لە ساڵی ۲۰۱۵ هەڵبژارد بۆ سەرکردایەتیکردنی هەسەدە، کە واشنتن وەک هێزێکی وشکانی سەرەکی لە شەڕی دژی "داعش" لە سووریا دروستیکرد، دوای ئەوەی ئەفسەرانی ئەمریکی و کوردانی عێراق بە کەسایەتییەکی وردتر و بەتواناتر لەوانی دیکەیان دانا.

ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەیەکی کوردییەوە کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا عەبدی بینیوە دەڵێت، "ئەو دۆخەکە بە وردی دەخوێنێتەوە"، و ڕاستییەکانی سەر زەوی زیاتر لە کەسایەتییە ئایدۆلۆژییەکان لە ناو هەسەدەدا تێدەگات وەک ئیلهام ئەحمەد. بەپێی "زە ناشناڵ"، عەبدی بڕیاری خۆیدا کە بەرەوڕوی پێشڕەویی حکوومەت نەبێتەوە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی کورد سەرەڕای دوژمنایەتییە مێژوییەکانی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی.

ڕۆژنامەکە لە زاری هەمان سەرچاوەوە دەڵێت، عەبدی "هەڵسەنگاندنەکانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی سەربازی لەسەر زەوی دەکات، نەک لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا یان فشاری کۆمەڵگە"، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکەی ئەوە بو کە ئەو پشتگیرییە سەربازییەی لە ئەمریکاوە وەریگرتبوو، بە پشتگیرییەکی سیاسی هاوتا تەواو نەکرا کە نوێنەرایەتییەکی ڕوونی هەسەدە لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا گەرەنتی بکات.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، حکوومەتی نوێی سووریا هێرشێکی گەورەی بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە دەستپێکردوە کە لە ۸۰%ـی خاکەکەیان لەدەستبدەن. ناچارکران کە ئاگربەست و ڕێککەوتنێکی دابەشکردنی دەسەڵات قبووڵ بکەن و ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هه‌سه‌ده‌ ڕۆژی ۳۰ـی مانگی ڕابردوو ده‌قی رێکه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی دیمه‌شق بڵاوکرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی رێکه‌وتنه‌که‌ش، فیرقه‌یه‌کی سه‌ربازی پێکده‌هێندرێت که‌ سێ لیوا له‌ سوپای هه‌سه‌ده‌ له‌خۆده‌گرێت و هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانیش له‌شاره‌کان ده‌کشێنه‌وه‌.

News ID 226836

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha