پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار هەموو پۆستەکانی بەغدا دەداتە یەکێتی

پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگرێت و دەڵێت، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی قورسایی کوردە بۆ بەغدا هاوشێوەی سەردەمی مام جەلال.  

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای دەکات، پێشنیازێکیان داوەتە قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەی بەرامبەر سەرۆککۆمار، هەموو پۆستەکانی دیکەی بەغدا بدەنە یەکێتی و دەشڵێت: پارتی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پۆست کێبڕکێ ناکات، بەڵکوو دەخوازێت پۆستی سەرۆککۆمار ببێتەوە چەقی بڕیار و هاوئاهەنگیی نێوان هەموو پێکهاتەکان.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی وتیشی: "دۆخی ناوچەکە جێگیر نییە و هەر ڕووداوێک لە وڵاتانی دراوسێ ڕووبدات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. بۆیە پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە نابێت عێراق ببێتە بەشێک لە کێشەکان".

ئەشواق جاف وتیشی: پارتی پۆستی سەرۆککۆمار وەک "ئیستحقاقێکی دەستووری" بۆ کاراکردنەوەی رۆڵی کورد لە بەغدا دەبینێت.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: "ئێمە دەمانەوێت پۆستی سەرۆککۆمار هاوشێوەی سەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلال بێت. لەو سەردەمەدا هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەنێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلال هەبوو، ئەوەش وایکرد کورد لە بەغدا قورساییەکی گەورەی هەبێت. ئێستا دەمانەوێت د. فوئاد حوسێن ئەو رۆڵە ببینێت، چونکە خاوەن ئەزموونێکی دیپلۆماسیی گەورەیە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەشواق جاف ئاشکرای کرد فوئاد حوسێن وەک بەربژێری پارتی، پێشنیازێکی داوەتە قوباد تاڵەبانی.

ئەشواق جاف ڕاشیگەیاند: "پێشنیازەکە ئەوەیە، پارتی هەموو پۆستەکانی لە عێراق دەداتە یەکێتی بەرامبەر سەرۆککۆمار. پێشنیازەکە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە گەیێندراوەتە حیزبەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی وەڵامێکی فەرمیی نەداوەتەوە."

لەبارەی پۆستەکانی هەرێمی کوردستانیش، وتی: "برا ئازیزەکانمان لە یەکێتی داوای ۹ وەزارەتیان کردووە دووانیان ئەمنین. پارتی کێشەی لەسەر ژمارەی وەزارەتەکان نییە، بەڵام کێشەکە لەسەر جۆری وەزارەتەکانە."

سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەشواق جاف ئاماژەی بە بوونی "تەمێکی سیاسی" کرد و وتی هێشتا ڕوون نییە ئایا ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، لەسەر کەسی مالیکییە یان بەرنامە سیاسییەکەی.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: "ئێمە وەک پارتی نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێکان، بەڵکوو دەمانەوێت بزانین بەرنامەی حکوومەتی داهاتوو چییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".

لە کۆتاییدا ئەشواق جاف ڕایگەیاند: پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کورد بە یەک بەربژێر و یەک دەنگ بچێتە پەرلەمان، بەڵام "دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی خۆی و گەلی کوردستان نابێت تەنیا بۆ ڕازیبوونی لایەنێک".

News ID 226817

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha