هەسەدە و دیمەشق لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان ڕێککەوتن

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریا دیموکرات، ڕایگەیاند شاندەکەیان بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیمەشق رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکانیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەسەدە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: ''یەکشەممە ٤ی کانونی دووەم کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئەنجامدرا و پرسی تێکەڵکردنی ‌هێزە سەربازییەکان تاوتوێکرا".

ئاماژەبەوەشكراوە، هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانیان لە قۆناغی داهاتوودا. ئەمەش بەمەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان و چاودێریکردنی ئەو پرسە، تاکوو دەگەن بە ئەنجامێکی کۆتایی.

لایخۆیەوە فه‌رهاد شامی وته‌بێژی هه‌سه‌ده‌ له‌ په‌یامێكی كوردتدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له ‌تۆڕی "X" بڵاویكرده‌وه‌: "کۆبوونەوەی شاندێکی سەرکردایەتی هێزەکانمان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و بەرپرسانی حکوومەتی دیمەشق، سەبارەت بە یه‌كخستنی سەربازیی، کۆتاییهات، هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە کە وردەکاری و ئەنجامەکان لەکاتی تەواوبوونی ڕاوێژکارییەکان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هەروەها هەر زانیارییەک کە لە ئێستادا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، ڕەنگدانەوەی ڕێکارەکانی کۆبوونەوەکە نییە.

له‌باره‌ی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان، وته‌بێژی هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت: "گفتوگۆکان بە شێوەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە بەڕێوەدەچن، ئامانجی سه‌ره‌كی دەستەبەرکردنی دەرئەنجامە باش بیرکراوەکان و یەکەمایەتیدان بە ئاشتی و سەقامگیری".

هەروەها تەلەفیزیۆنی سووریا  لەزاری سەرچاوەیەكی حكوومەتی سووریاوە بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ "ئەنجامێکی بەرجەستەی نەبوو" کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوولا خێراتر بکات.

سەرچاوەكەی حکوومەتی سووریا باسی لەوەشكرد، "ڕێککەوتن لەسەر ئەوەکراوە کە دواتر کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕابگه‌یه‌ندرێت كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی له‌ كوێ و كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

شایانی باسە ئەمڕۆ شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کە پێکهاتبوون لە سێ فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی و سۆزدار دێرک ئەندامی سەرکردایەتی گشتی هەسەدە و تاکە ژنی نێو کۆبوونەوەکە و سیپان حەمۆ ئەندامی گشتیی فەرماندەیی هەسەدە) سەردانی دیمەشقیان کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا و تاوتوێکردنی پرسەکانی نێوانیان و جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئازار.

 

News ID 226699

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha