دەبێت میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار گۆڕانکاریی بەسەردا بێت

سه‌رۆکی پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند دەبێت میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سعوود بارزانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێکدا ڕایگه‌یاند: "لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت کە ئەو پۆستە پشکی کوردە و بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێت میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت".

بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، میکانیزمەکەش بەمشێوەیە بێت کە: یان لە پارلەمانی کوردستان کەسێک وەک نوێنەری کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت، یان تێکڕای لایەنە کوردستانیەکان کۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر کەسێک ڕێکبکەون، یانیش نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بکەن.

مه‌سعوود بارزانی له‌ په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: "مەرج نیە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێت پارتی بێت یان یەکێتی بێت، دەکرێت لە لایەنێکی تر بێت یانیش بێلایەن بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق".

News ID 226675

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha