پێویستە تورکیا پڕۆسە ئاشتی ناوخۆی وڵاتەکەی بە سووریاوە نەبەستێت

ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە دەڵێت ئەگەر ئەنقەرە خوازیاری سەرەکەوتنی پڕۆسەی ئاشتیە لە تورکیا نابێت ئەو پڕۆسەیە بە پاشهاتەکانی سووریاوە گرێ بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیمەكرات (PYD)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی (Bianet)  دەشڵێت: ئەگەر ئەنقەرە دەیەوێت هەوڵە نوێكانی ئاشتی لە ناوخۆی سووریادا سەرکەوتوو بێت، پێویستە واز لە دەستوەردان بهێنێت.

ناوبراو زیاتر ڕایگەیاندووە: تورکیا هەوڵدەدات دانوستانەکانی ئاشتی لە تورکیا بە سووریاوە ببەستێتەوە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو دوو رێڕەوە بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ناوبراو وتیشی: دەرئەنجامەکانی دانوستانی تورکیا بەندە بە دۆخی ناوخۆیی تورکیاوە، کوردەکانی سووریاش پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرخستنی ئاشتی دەکەن لە تورکیا.

ساڵح موسلیم دەڵێت: تورکیا هەوڵیدا رێگری لە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار بکات، چونکە بەشێک نەبووە لەو رێککەوتنە، کاتێک روون بووەوە کە هەردوولا هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێن، زمانی گۆڕی.

ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە ئاشکراشی دەکات: پێکدادانی گەڕەکەکانی حەلەب دوای سەردانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا لە سوریا سەریهەڵدا.

ناوبراو وتیشی: ئامادەیی دیمەشق بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنەکە پەیوەستە بەوەی کە ئایا دەتوانێت خۆی لە کاریگەرییەکانی تورکیا دوور بخاتەوە یان نا.

ساڵح موسلیم جەخت دەکاتەوە: پێویستە سووریا سیستەمێکی نا ناوەندی پیادە بكات و گفتوگۆکان سەرەتا دەبێت لەسەر داڕشتنی دەستورێکی گشتگیر بێت کە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بپارێزێت.

ناوبراو وتیشی: شانە نووستووەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا هەڕەشەن و کەسانێک کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو گرووپە، پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە کردووە.

وتیشی: کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنقەرە لە ڕێگەی دیمەشقەوە کراوەن، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانيش سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.

News ID 226666

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha