مایکل ڕیگاس گەیشتە عێراق/ بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا سەردانی هەولێر دەکات

مایکل ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ كاروباری كارگێڕی  بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و دواتریش دەچێتە هەولێر بۆ كردنەوەی  كونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایکل ڕیگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا، ئەوەش دوای ئەوە هات کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند: هەفتەیەک پێشتر ڕێکخستنەکانی هاتنی بۆ عێراق ئەنجامدراوە، کە کۆبونەوە لە ئاستی باڵادا  لە خۆدەگرێت و تاوتوێی دۆسییەكانی پەیوەست بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، هاریکاریی ئابووری و ڕێکخستنی هاوبەشی ئەمنی دەكرێت.

سەردانەکەی ڕیگاس پێش گەیشتنی مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ عێراق کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و بازنە سیاسییەکان باس لە هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردو سەردانەکە دەکەن لەسەر ئاستی پرسەکانی ناوچەکە و بوونی ئەمریکا لەو وڵاتە.

لایخۆیەوە په‌ڕەی فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا وێنەكانی گەیشتی ئەو بەرپرسە ئەمریكیەی بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت، "بەخێربێیت بۆ عێراق. ئەم سەردانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریكا و عێراق بەهێز دەکات لە ڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئامانجە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و خۆشگوزەرانی".

ڕۆژی ۲۵ـی (تشرینی دوەم/۱۱) وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، كە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی وڵاتەكەی لە هەولێر  سەردانی هەرێمی كوردستان بكات ووتیشی، "سەردانەكە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، ئاسایش، ئازادیی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدایە".

News ID 226548

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha