بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مایکڵ ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی وڵاتەکەی سەردانی هەولێر دەکات.
ئاماژەی بەوەش كردووە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەكەشی بەسەر دەکاتەوە و کونسوڵخانەی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: "مایکڵ ڕیگاس لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۷ـی ئەم مانگە گەشتەکەی بۆ تورکیا، عێراق و ئیسرائیل دەستپێدەکات و دەچێتە بەغدا، هەولێر و قودس)".
دەشڵێت، "ئامانجی ئەم گەشتەی ڕیگاس جەختکردنەوەیە لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، ئاسایش، ئازادیی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا".
کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، لە ساڵی ۲۰۱۸ بەردی بناغەکەی دانراوە و بە گەورەترین باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە جیهاندا، کە دەکەوێتە باکووری شاری هەولێر.
Your Comment