بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولڕەحیم سەماوی، سەرۆکی سەنتەری "تەمل" بۆ توێژینەوە لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "وڵات تیڤی" ڕایگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی تورکیا بکەن، سەردانەکە کۆبونەوەیەک لەگەڵ ئۆجەلان و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەخۆدەگرێت، کە تەواوکەری رێککەوتنی پێشوی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا و بڕگەکانی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان ئۆجەلان و حکوومەتی تورکیا کراوە لەم راگەیاندنەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەنقەرە هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانە گۆڕینی گوتاری سیاسی بەرامبەر پەکەکە. هەروەها ئامادەکارییەکان لە تورکیا بەردەوامن بۆ ئەوەی بەمنزیکانە یاسایەکی نوێ دەربکەن، کە زامنی ئازادکردنی ئۆجەلان بکات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیکردنی حکومەتی تورکیا، جگە لە گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەرکردنی بارودۆخیان.
بە وتەی عەبدولڕەحیم سەماوی، یاسا نوێیەکانی تورکیا مافە کولتوری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەستەبەر دەکات، گرتنەبەری ئەو هەنگاوە بنەڕەتی و مێژوییانەش پێویستی بە کات و دان بەخۆگرتن هەیە، حکومەتی تورکیا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.
ئەوە لەکاتێکدایە مەزڵووم عەبدی هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەگەڵ تورکیا کەناڵی پەیوەندی کراوەیان هەیە و دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە بکەنە فەرمی، هەروەها دەشیانەوێت سەردانی ئیمڕاڵی بکەن بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە و ئەویش داوایەکی لەو شێوەیەی هەبووە.
Your Comment