بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی ژوورە بازرگانییەکان و سەرمایەگوزارانی هەردوولا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئێستا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و سەردانی بەرپرسە باڵاکانی وەک چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران و هاتنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەولێر، باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە.
لەو چوارچێوەیەدا سەرکۆنسوڵی ئێران داوای لە بازرگانان و هەناردەکارانی وڵاتەکەی کرد، سوود لەم کەشە لەبارە وەربگرن و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن، چونکە بەرپرسانی هەرێم دڵنیاییان داوە هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک پێشکەش دەکەن.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پڕۆژە هاوبەشەکان لەوەی ئێستا هەیە باشتر بکرێت و هەردوولا دەتوانن لە سایەی ئەو متمانە سیاسییەی دروست بووە، پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بدەن.
Your Comment