بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عهبدوڵا ئۆجهلان له وتارێكدا بۆ کۆنفرانسی "شێوەدانی هاوبەش بە ژیان"، ڕایگهیاندووە: "ئەوانەی باوەڕیان وایە ئاشتی پڕۆسەیەکی بنیاتنانی کۆمەڵایەتییە و هەردەم پێویستی بە تەقەلا و پێداگرییە، لەم کۆبونەوەیەدا گردبونەتەوە، بۆیە لە دڵەوە سڵاوتان بۆ دەنێرم، ڕێکخراوی (QAD) کە بۆ ئەم ئامانجە خەبات دەکات، هەوڵەکانی پەیوەست بە پرسی کورد و بەدیهێنان و پاراستنی ئاشتی، گرنگییەکی گەورەی هەیە".
ناوبراو ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئاشتی نەک تەنها بۆ کوردان، بۆ هەمو گەلانی هەرێمەکە هیوابەخش و بەنرخە، ئەم هەوڵە هاریکارییەکی گرنگە بۆ پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان گەلان، زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ پێکەوەژیانێکی شکۆمەند و ئاشتی دەڕەخسێنێت".
ئۆجهلان له پهیامهكهیدا دهشڵێت: "پێویستە ئەم کاروچالاکییانە زەمینەی تەندروست بڕەخسێنێت کە ناسنامە و ئازار و خەونە جیاوازەکان بۆ داهاتو، لە ئاسۆیەکی ئاشتی هاوبەشدا کۆبکاتەوە، ئاشتی لەهەمانکاتدا ئاشتەواییەکی کۆمەڵایەتییە کە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و ڕێزگرتن لە یەکتر دەچەسپێنێت".
لهبارهی دۆخی توركیاوه، عهبدوڵا ئۆجهلان باسی لهوهكردوه، "ئەم قۆناغە مێژوییەی ئێستامان، کاریگەریی لەسەر چارەنووسی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کورد دەبێت، لەم کاتەدا دەرفەتێک لەئارادایە، وادەکات تێپەڕین لە پڕۆسەی نێگەتیڤەوە بەرەو پڕۆسەی گۆڕانی پۆزەتیڤ مومکین بێت؛ دەتوانرێت شەڕ و نادادی تێپەڕێنرێت. ئەم تێپەڕینە تەنها بژاردەیەکی یاسایی نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی ڕاستینە مێژویی و جیهانییەکانە".
ناوبراو وتیشی: "بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و چارەسەرێکی ڕاستەقینە، دەبێت سەرلەنوێ یاساکان دابڕێژرێنەوە و سیاسەتی دیموکراتیک بەدامەزراوەیی بکرێت، ئەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، لەم ڕوەوە، دەبێت ڕەفتاری میزاجییانە بەدوایی بێت، دەبێت پێوانە یاساییە گەردونییەکان و بڕیاری دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن".
Your Comment