بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەفا محەمەد ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەی سۆمەرییەنیوزی ڕاگەیاندووە: پارتی پەیوەندییەکی چڕ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دەستپێکردووە دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە پارتی دوای بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک و ۱۰۰ هەزار دەنگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، پلەی یەکەمی لەناو هەرێمی کوردستان و پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.
وەفا محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کە: "ئەم پەیوەندییانە بە ئامانجی خۆئامادەکردن بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو ئەنجام دەدرێن".
محەمەد وەفا ئاشکراشی کرد: "سێشەممەی داهاتوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، سەردانی هەردوو شاری دهۆک و هەولێر دەکات، کە بڕیارە لەوێ لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت و قۆناغی سیاسی داهاتوو، لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کۆ بێتەوە".
Your Comment