بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان، داوا لە ئەردۆغان و باخچەلی و ئۆجەلان دەکات کە ڕانەوەستن لە هەنگاوە بەرجەستەكانیان بەرەو ئاشتی و ئاوڕ نەدەنەوە بۆ ئەوەی ئەوانی تر دەیڵێن.
دەمیرتاش لە پەیامێكدا دەشڵێت: وەک برايەكی ئێوەو وەک سیاسەتمەدارێک کە لە پێناو ئاشتیدا تێدەکۆشێت، داوا لەهەموو لایەنە چالاكەكانی ئەم پرۆسەیە دەکەم، سەرۆک ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، تکایە واز لە هەنگاوە بەرجەستەكانیان نەهێنن، ئاوڕمەدەنەوە و گرنگی بەو قسانە مەدەن كەسانی تر دەیكەن، باوەڕتان بەخۆتان هەبێت و باوەڕتان هەبێت کە 86 ملیۆن کەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئاشتین.
دەمیرتاش، لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا بە پەرلەمانتارانی توركیا دەڵێت: ساڵانێکە گەنجەکانمان رەوانەی شاخ و ئۆپەراسیۆنی دەرەوە دەكەن،گەورەترین مەترسیتان خستۆتە ئەستۆیان و بەداخەوە هەندێکیان بە ژیانی خۆیان باجەکەیان داوە، ئێستا لە کاتێکدا کە دەرفەتت رەخساوە بۆ ریسک و کۆتایهاتنی یەکجارەکی ئەم ململانێیە، ئەو مەترسییە بگرنە ئەستۆو بچنە دوورگەی ئیمرالی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، جگە لەوەش ئەو مەترسییەی کە دەیگرینەبەر، مەترسییەکی کوشندە نییە، وەک ئەوەی بۆ گەنجەکانمان، بەڵکو مەترسییەکی بچوکی سیاسییە.
ناوبراو لە کۆتاییدا دەشڵێت: با هەموومان ئازایانە مامەڵە بکەین، تکایە بەربەست بۆ ئەم دەرفەتە مێژووییە دروست مەكەن بە دەستگرتن بە نەریت و مەترسییەكانی ڕابردووە.
Your Comment