شەرع و ترەمپ هەفتەی داهاتوو لە کۆشکی سپی کۆ دەبنەوە

ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا ئەحمەد شەرع کۆ دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی سەردانی سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند" دەتوانم بڵێم ئەوە دیدارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت. ئەوە بەشێکە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ بونیادنانی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا".

وەبیریشی هێنایەوە کە ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەمارۆکانی سەر سووریای هەڵگرت و ئەوەی بە " هەنگاوێکی مێژوویی"  ناو برد و وتیشی، ئەوە پێشکەوتنێکی بەرچاو بوو بۆ دەسەڵاتدارێتی سووریا.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و شەرع پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەردوو وڵات و ناوچەکە و لەسەرووی هەموویانەوە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سووریا باسی لێ بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی پێشوو ڕایگەیاندبوو لە پشتیوانی هەڵگرتنی یاسای سیزار (قەیسەر) دەکەن لە کۆنگرێسی وڵاتەکەیان کە کۆی سزاکانی سەر سووریا لە خۆ دەگرێت.

News ID 226388

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha