لەگەڵ SDF توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە نێو گفتوگۆی سیاسی

وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت: کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''تێگەیشتن هەیە و توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە چارەسەرکردنی کێشەی سووریاییەکان.''

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پانێلێکی کۆنفرانسی دیالۆگی مەنامەی بەحرێن تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ قۆناخی ڕاگوزەر و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.  

ئەسعەد شەیبانی لەبارەی رێککەوتنی ۱۰ـی ئاداری نێوان هەسەدە و سووریاوە رایگەیاند: ''ئەوەی توانیمان تێیدا سەرکەوین، بەتایبەتی لە دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا ئەوە بوو کە لەگەڵ هەسەدە لە نزیکبوونەوەیەکی سەربازییەوە چووینە رێککەوتنی هاوبەشی ۱۰ـی ئادار".

۱۰ی ئاداری ۲۰۲۵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا لەخۆدەگرێ.  

بەوتەی ئەسعەد شەیبانی، ئێستا لەگەڵ هەسەدە کۆبوونەوەی مانگانە و بەردەوامیان هەیە و گوتی: ''مانگی رابردوو نزیکەی پێنج کۆبوونەوە کرا. دەمەوێ بڵێم تێگەیشتن هەیە و ئێمە توانیمان لە نزیکبوونەوەی سەربازییەوە بچینە چارەسەرکردنی کێشەی سووریاییەکان".

وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا لەنێوان حکوومەتی راگوزەر و هەسەدە لە رێگەی دانوستاندن و ''گفوگۆی سووری-سووری'' بێت.

۱۰ـی تشرینی یەکەم مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە رێوڕەسمێکدا رایگەیاند، لە سووریای نوێدا و دوای تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای وڵاتەکە، هێزی دژەتیرۆری هەسەدە (YAT) ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستندا دەگێڕێ و ''نەوەک تەنیا لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا، بەڵکو لە سەرانسەری وڵاتەکە دژی تیرۆر خەبات دەکات".

هاوکات لە بەشێکی قسەکانیدا ئەسعەد شەیبانی باسی لە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە هەندێک ناوچە کرد و گوتی: ''تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە زۆر بوارەوە گرنگی بە سووریا دەدات. ئەوان هەندێک ناوچەی سووریا وەک ئاسایشی نیشتمانی سەیردەکەن، وەک ناوچەکانی باکووری سووریا و ئێمە ناتوانین ئەمە پشتگوێ بخەین".

تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) بە هێزێکی نزیک یان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەزانێت کە پێکهێنەری سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتە. وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: ''کاتێک دەڵێین سووریا نابێت هەڕەشە بێت لەسەر هیچ وڵاتێک، بێگومان [مەبەستمان] تورکیاشە".

News ID 226371

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha