کوردپرێس: ماڵپەڕی کوردستان ۲۴ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: حکوومەتی فیدڕاڵ بەهۆی باڵادەستیی گرووپە چەکدارەکانەوە، نەیتوانیوە ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان ڕابگەیەنێت. ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە جێگەی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
لەمبارەوە ئەحمەد ئامێدی، شرۆڤەکاری سەربازی بە کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاند: ئێمە دەزانین سێ لایەن لەپشت ئەم هێرشانەوەن، تەنانەت ئەو درۆنانەی کە کەوتوونەتە خوارەوە، ئاماژە و نیشانەیان لەسەر بووە، دیارە کە نوجەبا، حزبوڵڵا و قەیس خەزعەلی لەپشتییەوەن، تەنانەت قاسم ئەعرەجی گوتی: چوار لایەنن کە هێرش دەکەنە سەر هەرێم، بۆچی ناویان نابەن؟، ئاماژەی بەوەشدا، حەشدی شەعبی زاڵە و لە سەدا ۹۰ دەسەڵاتی بەسەر حکوومەتی فتدراڵیدا هەیە.
ئیبراهیم عەلی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دهۆک گوتی: ئێمە دەچینە بەغدا بە یاسای نێودەوڵەتی، بە دادگا نێودەوڵەتییەکان، هاوپەیمانانی کوردستان، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێین، ناکرێت ئەم هێرشانە بەردەوام بن کە ئێمە بەشێکین لە عێراق، حکوومەتیش بڵێت ئێمە نازانی هێرشکەرەکان کێن.
هێرشە درۆنییەکان دوای ساڵی ۲۰۲۲ زیادیانکردووە و نەک تەنیا کێڵگە نەوتی و گازییەکانیان کردووەتە ئامانج، بەڵکو ژێرخانی گشتی و وێستگەکانی گواستنەوەی نەوتیشیان کردووەتە ئامانج.
ئێوارەی ڕۆژی ۱۴ی تەممووزی ۲۰۲۵، كاتژمێر ۸:۲۰ و ۸:۲۵ لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتیی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر. کە بە گوێرەی ڕاگەیەنەدراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، "هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبوو، تەنیا زیانی بە بۆرییەکانی ئاوی وێستگەکە گەیاندووە".
ڕۆژێک دواتر و سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە، ۱۵ـی تەممووز، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بەهۆیەوە کۆمپانیای HKN ـی ئەمەریکی کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند، "هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە."
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ۱۶ـی تەممووزی ۲۰۲۵، سێ هێرشی دیکە کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتیی لە زاخۆ و دهۆک.
بەپێی ڕاگەیێندراوی سامانە سرووشتییەکان، هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانیان لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی زۆریان لە ژێرخانی کێڵگەکان داوە.
هەروەها شانەی ئەمنیی عێراق ۱۴ـی تەممووز لەبارەی هێرشەکەی خوورمەڵەوە ڕایگەیاند: "هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دەستدرێژییە".
Your Comment