درێژکردنەوەی مانەوەی سەربازیی تورکیا لە سووریا و عێراق جێگەی قبووڵ کردن نییە

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەپەرلەمانی تورکیا کاردانەوەی نیشان دا بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکاتی تورکیا لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەردۆغانەوە و ڕایگەیاند درێژکردنەوەی مانەوەی سەربازیی تورکیا لە سووریا و عێراق ناڕەوایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوڵستان کلچ کۆچیگیت سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاند: لە کاتێکدا باس لە ئاشتی و دابڕان لە چەک و پێکدادان دەکرێت، پێشنیاری شەڕ دەهێننە پەرلەمان. بەم پێشنیارانەوە دەیانەوێت کاتی مانەوەی سەربازیی لە سووریا و عێراق درێژبکەنەوە. تەنانەت خواست نیشان دراوە سەربازی نوێ ڕەوانەی ئەو شوێنانە بکرێت.

گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەشڵێت، بە هیچ جۆرێک ئەمە جێگەی قبووڵ کردن نییە. ئەم پێشنیارانە وەک ئاسایشی وڵات پێشکەش دەکەن بەڵام بۆ دەستوەردانە لە کاروباری وڵاتانی دیکە.

کۆچیگیت دەشڵێت، ئەم پێشنیارانە هیچ پرسێکی وڵات چارەسەرناکات، بە پێچەوانەوە پرسەکان قوڵتر دەکاتەوە.

ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتی: "داخۆ پێویستی بەڕێوەبەرانی سووریا و گەلەکەی هەمان شتە؟ ئەوەی بنەڕەتییە بۆمان پێویستییەکانی گەلە. کە ئەویش دامەزراندنی سووریایەکی یەکگرتوو و دیموکراتیکە.

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی وتیشی: بەڵام دەبینین تورکیا دوورە لەم بیرۆکەیەوە. گەلانی سووریا خۆیان دەتوانن داهاتووی خۆیان دابڕێژنەوە. بۆیە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە سوریا قەبوڵ ناکەین. ئەوەی لە ئارادایە ئەوەیە هەندێک کەس بۆ بەرژەوەندنی کەسی و ئابوری خۆیان ئەم کارە دەکەن".

News ID 226296

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha