بەبێ ئازادی ئۆجەلان هیچ شەڕڤانێک لە چیا دوور ناخرێتەوە

فەرماندەیەکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێت "هیچ کەس ناتوانێت بەبێ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ تاکە شەڕڤانێک لە چیا دووربخاتەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوران کاڵکان ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە کۆنگرەمان بەست، بەڵام ناتوانین بڕیارەکانی کۆنگرەکە جێبەجێ بکەین، تەنها کەس کە بتوانێت ئەمە بکات ڕێبەر ئاپۆیە، لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەکیان ئەنجام نەداوە، لەناو بارودۆخی دیلییدا دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ هەموو شتێک بکات".

سەبارەت بە هەنگاونانی ناوخۆی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی دوران کاڵکان، دەڵێت: "هەندێک پارتی ئۆپۆزیسیۆن ئەرێنی مامەڵە دەکەن، دەسەڵات بە دروستی مامەڵە لەگەڵ پرسەکە ناکات و سیاسەت دەکەن، بۆئەوەی پەکەکە تەسفیە بکەن، هەرچییەک پێوسیت بکات دەیکەن، بەهیچ جۆرێک بەدوای چارەسەریدا ناگەڕێن، بەرامبەر ئەو شتانەی کە ئێمە ئەنجامماندا، تاکە شتێکیان ئەنجامنەداوە، کۆمیسیۆن هەیە، قسەدەکەن و سەرقاڵن، ڕوون نییە ئاخۆ چی دەکەن و شتێکی ناڕوون هەیە، با لە ئێستادا بڵێین یاسای پەشیمانی دەرکەن".

لە ئێستادا لە پەرلەمانی تورکیادا کۆمسیۆنێک ڕاسپێردراوە بۆ هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام تا ئێستا کارەکانیان بەشێوازی گوێگرتن بووە لە گرووپە جیاجیاکان و کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا لیژنەیەک لە کۆمسیۆنەکە سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات.

ڕۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان، لە پەیامێکدا داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد، کۆنگرە ببەستن و بڕیاری هەڵوەشاندی پارتەکە بدەن و خۆی بەرپرسیارێتتی قۆناغەکە دەگرێتە ئەستۆ.

 لە ١٢ئایاری ٢٠٢٥، پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامی کۆنگرەی ١٢ی پارتەکەیان راگەیاند، کە خۆیان هەڵدەوەشێنن و چەک دادەنێن.

لە ١٢ حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە مەراسیمێکدا گرووپێک گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.

News ID 226275

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha