ناوەندی فێربوونی زمانی فارسی لە هەولێر کرایەوە

ناوەندێکی فێربوونی زمانی فارسی لە هەولێر بە هەماهەنگی ئێران و هەرێمی کوردستان کرایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرامەرزی ئەسەدی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند: "ئێمە لە گەلێک بواری جیاواز خاڵی هاوبەشمان هەیە، لە بابەتی زانستی، ئەکادیمی، بازرگانی و گەشتیاری. بە هەر شێوەیەک بێت هاتووچۆ لە نێوان خەڵکی ئێمە و هەرێمی کوردستان هەیە و پەیوەندیی زۆریان لەگەڵ یەک هەیە. هەربۆیە ئەمە داواکارییەک بوو لە هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت بۆ ئەوانەی کاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە دەکەن و سوود لە سەرچاوەکان بە زمانی فارسی وەردەگرن بۆ ئەوەی زمانەکە فێرببن. ئەم ناوەندەش بە هەماهەنگی هەردوو لایەن کرایەوە".

لەبارەی ئەوانەی دەتوانن لەم ناوەندە خۆیان تۆمار بکەن بۆ فێربوونی زمانی فارسی، ئەسەدی گوتی، "لە هەر چینێک و ئاستێک دەتوانن بەشداربن، بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆ، ئەوانەی حەزیان لە نووسین و توێژینەوەیە سوودێکی زۆری لێ وەردەگرن، هەمووان دەتوانن بەشدار بن و سوود وەربگرن".

لەبارەی مامۆستاکانی ئەم ناوەندە کۆنسووڵی گشتیی ئێران روونیکردەوە "بە دڵنیایەوە کەسانێکمان هەڵبژاردووە کە ئاشناییان لەگەڵ هەردوو زمانی کوردی و فارسی هەبێت و هەروەها ئێمە لە زانکۆ جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەشی زمانی فارسیمان هەیە لە مامۆستاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوود وەردەگرین".

ئەم ناوەندە پێشتر لە سلێمانی کراوەتەوە، سەبارەت بە پارێزگەکانی دیکەش، ئەسەدی گوتی "پەیوەستە بە داواکاریی خەڵک و بەرپرسانی پارێزگاکان، ئەگەر داوابکرێ ئێمە ئامادەین".

News ID 226259

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha